Zana Natık Kerem,Hamit Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی رایگەیاند كە داعش بەرەو شكستێكی گەورە چووە و لەگەڵ ئەمریكایش لەسەر نەكشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان رێككەوتووین.
ئەم لێدوانەی مسعود بارزانی لە میانی گوتارێكیدا هات كە لە ناحیەی باشیك باكووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، پێشكەشی كرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: "لەبەرامبەر ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە تۆماریان كردووە، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی: "لە دوایین سەردانماندا بۆ بەغدا بە ئاشكرا باسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانمان كردووە و ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەینە چارەسەر و رێككەوتن ئەوا ریفراندۆم چارەسەرە".
بارزانی هەروەها ئاشکراشی کرد کە لە شەڕی دژبە داعش 11 هەزار و 500 شەهید و برینداریان هەبووە و گوتی: "ئێستا هیچ مومكین نییە بە مامەڵەی راستەوخۆی مەرکەزی لەگەڵ پارێزگاكان، رازی بین".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەیش كرد كە مووسڵ لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە زۆر گرنگە و پێش هاتنی داعش، 300 هەزار كورد لە مووسڵ هەبوون.