Hamit Hüseyin
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
هەولێر-AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا مایكڵ فاڵن و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، فرانك بەیكر و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، جۆن شارپ و جەنەڕاڵ و ژمارەیەك راوێژكاری سوپا و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە سەرۆك بارزانی كرد و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە راگەیاند. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
لە دیدارەکەدا هەروەها قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و رۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانان هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.
لە كۆبوونەوکەدا هەردوولا پێزانینیان بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی هەبوو و شاندی میوان جەختی لە بایەخی بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییە كردەوە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی تری كۆبوونەکە بوو.