ئێران: "میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارا بکرێت چاو بە پەیماننامەی NPTدا دەخشێنینەوە"

Tahran
تاران - AA
ئێران بڵاویکردەوە ئەگەر میکانیزمی (snapback) کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥دا هاتووە و ڕێگە دەدات بە گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر وڵاتەکە کارا بکرێت، ئەوا چاو بە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)دا دەخشێنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٧٠ەوە ئەندامە تیایدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقائی لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفيزیۆنی فەڕمی وڵاتەکەدا باسی لە بابەتەکە کرد.
بەقائی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "ئاشتیخوازانەیە" و، ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشی بە "سیاسیی" ناوزەند کرد.
گوتیشی: "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و ڕێککەوتننامەی پاراستنی گشتگیر لە ڕێگای ئاشتیخوازانە لای نەداوە. ئێران هیچ ناتەباییەکی ئەنجام نەداوە و لەبەرئەوە دەڵێین ئەم ڕاپۆرتە سیاسییە، چونکە ئەم ڕاپۆرتە بۆ ئامانجی سیاسیی سێ وڵاتی ئەورووپا و ئەمریکا ئامادەکراوە".
بەقائی باسی لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل کرد بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و، ئاماژەی بەوە کرد کە تەل ئەبیب ئەم بانگەشانە بۆ درێژەدان بە گرژیی لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت.
هەروەها بەقائی باسی لەوە کرد کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەر وڵاتێک کردنە ئامانجی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە و، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ ڕەوایەتیدان بە هەڕەشەکان لەبری ئەوەی ئیدانەیان بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەقائی، هەڵسەنگاندنی بۆ هەڕەشەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کرد بۆ کاراکردنی ماددەیەکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ کە بە (snapback) ناودەبرێت و ڕێگە دەدات بە گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران بە پاساوی ئەوەی ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە و، ڕایگەیاند: "ئەوان ئەم میکانیزمە دەهێننە ئاراوە بۆ ئەوەی سازش بە ئێران بکەن. ئەمە ڕوونادات، چونکە ئێران لەژێر گوشاری snapback یان هەڕەشەدا سازشی ناڕەوا بۆ لایەنەکانی دیکە ناکات".
بەقائی ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەگەر میکانیزمەکە کارا بکرێت، ئەوا هەنگاوگەلێکی جۆراوجۆر هەن ئێران دەتوانێت بیانگرێتەبەر، لەنێویاندا چاوخشاندنەوە بە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT).
گوتیشی: "ئەمە کاریگەری گرنگ و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر شیرازەی جیهانی. بە دڵنیاییەوە ئەمە بە واتای ئەوە نایەت گۆڕانکاری لە سروشتی ئاشتیخوازانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەماندا دەکەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن