Gamze Türkoğlu Oğuz
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
ئه‌نقه‌ره- AA
له ئه‌مریكا له‌دوای ویلایه‌تی كالیفۆرنیا له ویلایه‌تی ئۆریگن-یش هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگرانه ده‌درێت كه كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵێكی بی بی سی، له ئه‌نجامی ئه‌و ئاگرانه‌ی له ویلایه‌تی ئۆریگن كه‌وتوونه‌ته‌وه، پێنج ناحیه وێران بوونە و سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، دانیشتوانی چه‌ند شوێنێكی ویلایه‌ته‌كه، ناچاربوونە ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ده‌ربازكراون.
ناوه‌ندی نیشتمانیی زانیارییه‌كان له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه له ئه‌مریكا، بڵاویكرده‌وه ئاگره‌كان جگه له ئۆریگن، نۆ ویلایه‌تی دیكه‌ی خۆرئاوای گرتووه‌ته‌وه.
له ویلایه‌تی واشنتۆنیش كه دراوسێی ئۆریگنه، كه‌سێك له ئه‌نجامی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگردا گیانی له‌ده‌ستداوه.
فەرمانڕەوای ویلایه‌تی ئۆریگن، كه‌یت براون، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، رایگه‌یاند: "ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا، ره‌نگه گه‌وره‌ترین زیانی گیانیی و ماددیی له مێژووی ئاگره‌كانی ویلایه‌ته‌كه‌دا، به‌دوادا هاتبێت".
هاوكات له ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی كوژراندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگرانه‌ی كه سه‌دان شوێنیان گرتووه‌ته‌وه، زیاتر له ١٤ هه‌زار كارمه‌ندی ئاگركوژێنه‌وه، له ئه‌ركدان.
له سه‌رانسه‌ری ویلایه‌ته‌كه‌دا له ١٥ی ئابه‌وه تا ئێستا به‌هۆی زیاتر له ١٣ هه‌زار هه‌وره‌تریشقه‌وه، زیاتر له ٩٠٠ ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه و له ئه‌نجامدا هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له سێ هه‌زار و ٣٠٠، بیینا و شوێنی دیكه زیانیان به‌ركه‌وتووه.
- تره‌مپ ئاگره‌كانی كالیفۆرنیای به "كاره‌ساتی گه‌وره" راگه‌یاندبوو
سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ئاگره‌كانی كالیفۆرنیای به "كاره‌ساتی گه‌وره" راگه‌یاندبوو، ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر هاوكاریی فیدراڵیی بۆ ویلایه‌ته‌كه نیشاندابوو.
فەرمانڕەوای ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، گه‌یڤن نیوسه‌م ئاشكرایكردبوو، راگه‌یاندنی ئاگره‌كان به كاره‌ساتی گه‌وره له‌لایه‌ن تره‌مپ، و ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه پێشكهشدهكرێن، بۆ مه‌به‌ستی راوێژكاریی قه‌یران، شوێنی مانه‌وه و خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵاتییه‌كانی دیكه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌هۆی ئاگرهكانهوه زیانمه‌ند بوون، خه‌رجده‌كرێت.