Mahmut Geldi
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2020
بەيروت - AA
ئەو ئاگرە گەورەيەى كە لە بەندەرى بەيروت پايتەختى لوبنان كەوتبووەوە، كۆنترۆڵكرا.
دواى پێنج هەفتە لەو تەقينەوە بەهێزەی کە بەهۆی ماددەى نيتراتى ئەمۆنيۆم لە بەندەرى بەيروت روویدا، ئەمڕۆ دووبارە ئاگرێک لە بەندەرەکە كەوتەوە.
سوپاى لوبنان، ئاشكرايكرد ئاگرەكە لەو عەمبارانە كەوتووەتەوە كە رۆن و تايەى ئۆتۆمبێلى تێدايە لە ناوچەى بازرگانى ئازاد.
ئاگرەكە لە نيوەڕۆى ئەمڕۆ كەوتووەتەوە و پاش هەوڵدانێكى زۆرى تیمەکانی ئاگركوژێنەوەى بەيروت و ئۆتۆمبێلى ئاگركوژێنەوەى سوپا و ئەوانەى لە شارەكانى ديكەوە هاتبوون و دوو هێليكۆپتەر لە ئاسمانەوە، دواى چوار كاتژمێر توانرا ئاگرەکە كۆنترۆڵ بكرێت.
لاى خۆيەوە وەزيرى گواستنەوە و كاروبارى گشتيى لوبنان، ميشێل نەجار، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ناوخۆی ئاماژەى بەوە كرد كە ئاگرەكەى بەندەرى لوبنان لەكاتى بڕينەوەى ئاسن لە عەمبارەكاندا كەوتووەتەوە.
میشێل نەجار، ئەوەشى راگەياند كە ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە و دەستيان بە لێكۆڵينەوە لەسەر رووداوەكە دەكەن.
- تەقينەوەكەى بەندەرى بەيروت
رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ى ئاب تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت رووی دا كە بەهۆیەوە تا ئێستا بەپێی دوایین ئامار ١٩١ كەس كوژراون و زياتر لە شەش هەزارى ديكە برينداربوون.