Hemın Othman Mohammed
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2016
سكرتێری گشتیی حزبوڵلای لوبنان حەسەن نەسروڵڵا، بانگەشەی ئەوەی كرد كە بۆ جەنگی سووریا فەرمانیان لە تاران یان دیمەشق وەرنەگرتووە.
لە رێوڕەسمی یادەوەری فەرماندەی بەرەی جەنگ عەلی فەیاز، كە هەفتەی رابردوو لە ریفی حەلەب كوژرا، نەسروڵڵا وتارێكی پێشكەش كرد كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەخش كرا و تیایدا رایگەیاند "كەس فەرمانی بە ئێمە نەكردووە بۆ ئەوەی بچینە سووریا. فەرمانمان لە سووریا و ئێران وەرنەگرتووە بۆ جەنگدان لە سووریا. بەپێچەوانەوە بەشداری كردنمان لەو جەنگەدا بیروباوەڕ، بۆچوون و هەستیاری خۆمانە".
نەسروڵڵا، ئاماژەی بەوە كرد كە بەمەبەستی بەشداری كردن لە جەنگی عێراق جەنگاوەریان رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە و گوتی: "لە عێراق، سوننەكان زیاتر لە شیعەكان بەهۆی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە. كاتێك پێویستی كرد دژ بەو رێكخراوە نێودەوڵەتیە بجەنگین، لە لوبنان، سووریا و یەمەنەوە جەنگاوەرمان كۆكردەوە و بەنهێنی و بەفڕۆكە رەوانەی عێراقمان كردن".
بێ ناوهێنان، نەسروڵڵا بانگی لە بەرپرسێك كرد كە داوای كردبوو حەشدی شەعبی كە لە حزبوڵڵا و میلیشیا شیعەكان پێكهاتووە لە عێراق بكشێتەوە و گوتی: "ئەگەر لە عێراق حەشدی شەعبی نەبووایە، ئەوا داعش دەچووە كۆشكەكانتان و شەرەفی لەدار دەدان".
هاوكات نەسروڵڵا باسی لە بڕیاری ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو كرد كە حزبوڵڵای بە "رێكخراوی تیرۆریستی" پۆلێن كردووە و بانگەشەی ئەوەی كرد كەوا كێشەی سەرەكی رژێمەكانی كەنداو پاراستنی ئیسرائیلە.
سكرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، سەبارەت بەو سزایانەی وڵاتانی كەنداو بەهۆی حزبوڵڵاوە بەسەر لوبناندا دەیسەپێنن رایگەیاند "سعودیە هیچ بەهانەیەكی دیكەی نییە جگە لەوەی هاوكاریە سەربازیەكانی دەگاتە دەست حزبوڵڵا. هیچ شتێكمان لە ئێوە ناوێت. تەنیا بەرگری بۆ حزبوڵڵا جێبهێڵن".
شێخ سوهەیب توفەیلی، دامەزرێنەرانی حزبوڵڵا و یەكەم سكرتێری گشتیی رێكخراوەكە، هەفتەی رابردوو بۆ ئانادۆڵو دوا و رەخنەی لە بوونی رێكخراوەكە گرت لە سووریا و ئاماژەی بەوە كرد كە لەسەرەتای قەیرانی سووریادا حزبوڵڵا بڕیاریدا نەچێنە ناوەوە، بەڵام دواتر بە فەرمانی ئێران چووە سووریاوە.