Mahmut Geldi,
20 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2019
بەیروت ــ AA
ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووە لە لوبنان دژبە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ، خۆپیشاندان دەكەن و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، ١٠ هەزار كەسی تێپەڕاند.
هاووڵاتییانی لوبنان متمانەیان بە توانای حكوومەت نەماوە بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە رووبەڕووی وڵاتەكەیان بووەتەوە.
هاوكات هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، بە هەزاران كەس لە لوبنان لە گۆڕەپانی ریاز سوڵح ناوەڕاستی شاری بەیروت گردبوونەوە و دەستیانكرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەبڕین.
قەیرانی لوبنان دوای ئەوە سەری هەڵدا كە حكوومەت رایگەیاند نیازی هەیە باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ-دا بسەپێنێت.
دوای خراپبوونی رەوشەكە، سەرۆكوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری ماوەی ٧٢ كاتژمێری وەك مۆڵەت دایە هاوبەشە سیاسییەكان تا راوپێشنیازەكانیان سەبارەت بە چارەسەركردنی رەوشەكە و ئەنجامدانی چاكسازیی بخەنەڕوو.
لای خۆیەوە راوێژكاری سەرۆكی حكوومەت، عەممار حوری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چاوەڕوانی كۆتایی ئەو مۆڵەتەیان كە سەرۆكوەزیران، سەعد حەریری راگەیاندووە".
لای خۆیەوە ئەمینداری پارتی "پێشكەوتنی سۆسیالیست"، زافر ناسر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رەتیكردەوە كە لە حكوومەت بكشێنەوە و گوتی: "لە حكوومەت ناكشێنەوە، ئەو پێشنیازە تاوتوێ دەكەین كە سەعد حەریری بۆ چارەسەركردنی رەوشەكە پێشكەشی كردووە".
زافر ناسر گوتیشی: "دەرفەتێك هاتووەتە پێش بۆ چارەسەركردنی رەوشەكە، چاوەڕوانی ئەوەین بزانیین كارەكە بە كوێ دەگات".
ئەمینداری پارتی "پێشكەوتنی سۆسیالیست" گوتیشی: "ئەمڕۆ پێشنیازەكانمان سەبارەت بە ئەنجامدانی چاكسازیی پێشكەش بە سەرۆكوەزیران، سەعد حەریری و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ، نەبیھـ بری دەكەین".
ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ شەممە شەش وەزیری سەربە پارتی هێزەكانی لوبنان لە حكوومەتی لوبنان دەستیان لەكاركێشایەوە.
لەوبارەوە سەرۆكی پارتی هێزەكانی لوبنان، سەمیر جەعجەع لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە ئەم حكوومەتە ناتوانێت هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری و دارایی بنێت".
سەمیر جەعجەع ئاماژەی بەوەشدا كە داوای لەو شەش وەزیرەی خۆیان كردبوو كە لە حكوومەت دەستلەكار بكێشنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری كار، كەمیل ئەبو سلێمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكان پاشگەز نابینەوە و بە نووسراوێك دەستلەكاركێشانەوەكەشمان پێشكەش دەكەین".
كەمیل ئەبو سلێمان ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی هێزەكانی لوبنان هیچ متمانەی بە حكوومەتی ئێستا نەماوە.
دوای راگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو شەش وەزیرە، خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی بەیروت رژانە سەر شەقامەكان و خۆشی و شادیان دەربڕی و داوایان لە وەزیرەكانی دیكەش كرد دەستلەكاربكێشنەوە.
لە لایەكی دیكەوە هەندێك سەرچاوە لە رەوتی نیشتمانی ئازاد (پارتەكەی سەركۆمار) رایانگەیاند كە جارێ هیچ هەڵوێستێكیان لەوبارەوە نیشانداوە و چاوەڕوانی كۆتایی ئەو مۆڵەتەن كە سەرۆكوەزیران، سەعد حەریری راگەیاندووە بۆ ئەوەی بزانن كارەكە بە كوێ دەگات.
دوێنێ شەممە ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاندبوو كە ئەوان لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران تێدەگەن و ئاماژەی بەوەشدا كە پەیامەكە زۆر بە هێزی گەیشتووەتە بەرپرسان.