جيهان

لوبنان.. بەردەوامی خۆپیشاندانەکان

ماوەی شەش رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ بەردەوامە.

AA  | 22.10.2019 - نوێکردنەوە : 23.10.2019
لوبنان.. بەردەوامی خۆپیشاندانەکان

Beyrut

بەیروت ــ AA

ماوەی شەش رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ بەردەوامە، وێرای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، سەعد حەریری دەستپێشخەرییەكی بە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازیی لە سێكتەری ئابووری و هێوركردنەوەی شەقام راگەیاندووە.

میدیاكانی خۆجێیی بڵاویانكردەوە كە لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر لە بەردەم بانكی لوبنان گردبوونەتەوە كە وەک خۆیان دەڵێن، ناڕەزایەتیی دەردەبڕن لە هەمبەر ئەو سیاسەتە هەڵە ئابوورییەی لە وڵاتەكەیاندا پەیڕەو دەكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە كە بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە زۆربەی ئەو رێگە سەرەكییانە داخراون كە ناوچەكانی باكوور و باشوور پێكەوە دەبەستنەوە.

بەپێی میدیاكان، هەر بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەرگای قوتابخانە و زانكۆكان لە لوبنان داخراون.

هاوكات خۆپیشاندەران دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكوەزیران سەعد حەریری-یان رەتكردەوە كە بە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازیی لە سێكتەری ئابووری و هێوركردنەوەی شەقام راگەیاندووە.

دوێنێ‌ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری، وەك ھەوڵێك بۆ ھێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان كە ماوەی چەند رۆژێكە لەو وڵاتە بەردەوامی ھەیە رایگەیاندبوو "ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ داوە كە لەسەدا ٠،٦ كورتھێنانی ھەیە، بوودجەكە ھیچ جۆرە باجێكی نوێی تێدا نییە، كار دەكەین بۆ كەمكردنەوەی رێژەی لەسەدا ٥٠ی مووچەی وەزیر و پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی پێشوو، ھەروەھا كەرتی بانكی ھاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی كورتھێناندا".

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووە لە لوبنان دژبە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وەتسئەپ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ئەنجام دەدرێت كە تا ئێستا بەردەوامە.

بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا، ژمارەیەك وەزیر لە حكوومەتەكەی سەعد حەریری دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın