Hussein Mahmoud Ragab Elkabany,Çağrı Koşak
22 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2019
ریاز ــ AA
لە شاری ریاز پایتەختی سعوودیە كۆنگرەیەك بۆ تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی ئێران و هەروەها ئاسایشی دەریایی بەڕێوەچوو.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویكردەوە كە سەرۆك ئەركانەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو، میسر، ئوردن، پاكستان، بەریتانیا، ئەمریكا، فەڕەنسا، كۆریای باشوور، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، نیوزیلاند و یۆنان لە كۆنگرەكەدا، بەشداربوون.
ئاماژە بەوەشكراوە كە كۆنگرەكە بە ئامانجی دەستەبەركردنی ئاسایشی دەریایی و ئاسمانی، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی ئێران و چۆنیەتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە سازكراوە.
ئاژانسەكە بڵاویكردووەتەوە كە سەرۆك ئەركانی سعوودیە، فەیاز روەیلی لە میانی كۆنگرەكەدا گوتوویەتی: "ئەم كۆنگرەیە بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسەكانی ئەمنی و بەرگریی تایبەت بە وڵاتانی ناوچەكە سازكراوە".
فەیاز روەیلی ئەوەشی گوتووە "لە میانی بەستنی ئەم كۆنگرەیەدا، هەمووان هەوڵ دەدەین رێگەیەكی گونجاو بۆ دابینكردنی توانای سەربازیی بە هاوبەشی بدزۆینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئاسایشی دامەزراوە گرنگ و هەستیارەكان بپارێزین".
هاوكات بەپێی راگەیەندراوێك كە لە كۆتایی كۆنگرەكەدا بڵاوكرایەوە، بەشداربووان جەختیان كردووەتەوە لەسەر یەك هەڵوێستییان دژبە هێرش و دەستدرێژكان بۆسەر سعوودیە و راشیانگەیاندووە، سوورن لەسەر ئەوەی بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوە كە دامەزراوە گرنگەكان لە سعوودیە دەكەنە ئامانج.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا ئیدانەی ئەو هێرشانە كراوە كە لە مانگی رابردوودا كرانە سەر دوو دامەزراوەی نەوت سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ سعوودیە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە راستەخۆ كاریگەری دەبێت بۆسەر ئابووری جیهانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەمە دووەمجار ئەو كۆنگرەیە بە ئامانجی تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی ئێران و ئاسایشی دەریایی ساز دەكرێت دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر یەكەم كۆنگرە لە بەحرێن سازكرا.