ئهمریكا ئامادهیه بۆ دانوستان لهسهر چهكی ئهتۆمی لهگهڵ ئێران كۆببێتهوه
- ئیدارهی ئهمریكا: "له ئهگهر گهڕانهوه بۆ مهرجهكانی رێككهوتننامهی ئهتۆمی، ئهوا ئامادهين جارێكی دیكه لهگهڵ ئێران بچنهوه سهر مێزی گفتوگۆ".
Washington DC
واشنتۆن – AA
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند لە ئەگەر گەڕانەوە بۆ مەرجەکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئەوا ئامادەن جارێکی دیکە لەگەڵ ئێران بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست دەستی کردووە بۆ ھەنگاوە کردەییەکانی بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
دوای ئەوەی دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند "لە ئەگەری پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە ماددەکانی رێککەوتننامەکە، ئەمریکایش ھەمان کار دەکات و ئامادەیە بۆ دانیشتن لەگەڵ ئێران".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لەمبارەیەوە بە میدیاکارانی رايگەیاند "ئەمریکا بەمەبەستی ھەنگاونانی دیپلۆماسییانە بۆ دانوستان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بانگھێشتی داھاتووی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا پەسەند دەکات کە تیایدا وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران تیایدا بەشدار دەبن".
دوو گەورە بەرپرسیش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ناوی خۆیان ئاشکرا نەکردووە ئاماژەیان بەوە داوە کە ھێشتا بانگھێشتێکی لەم جۆرە نەھاتووە و چاوەڕێ دەکەن لەم نزیکانە پێیان بگات.
یەکێک لەو گەورە بەرپرسانەش گوتوویەتی: "ئامادەین بۆ یەکەمین کۆبوونەوە کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە رێکدەخرێت. بەڵام پرۆسەی دوای ئەوە بۆ ئێران دەمێنێتەوە و ئەو بڕیاری خۆی دەدا".