تەندروستی, عێراق

ھەڵمەتێک دژ بە مەترسی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە دھۆک ئەنجام دەدرێت

بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ڤێتێرنەریی دھۆک ھەڵمەتێکی دوو مانگەیان ڕاگەیاندووە.

Rawan Subhi Obaiullah  | 11.05.2025 - نوێکردنەوە : 13.05.2025
ھەڵمەتێک دژ بە مەترسی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە دھۆک ئەنجام دەدرێت

Dahuk

دھۆک - AA

بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریی دھۆک هەڵمەتێکی دوو مانگەیان ڕاگەیاندووە کە لە ٢٠ـی نیسان دەستی پێکردووە و بریتییە لە ڕشاندن و کوتانی ئاژەڵان.

لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکە، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک، دکتۆر نیشتمان عارف، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تای خوێنبەربوون مەترسی بڵاوبوونەوەی ھەیە، بۆیە خەڵک دەبێت ھۆشیاربن و ڕێگاکانی خۆپارێزی بەکاربهێنن، ئێمەش لە ڤێتێرنەریی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون، چەند ڕۆژێکە دەستمان بە هەڵمەتی ئاژەڵ ڕشاندن کردووە و بۆ ئەم مەبەستە ١٨ تیممان پێکهێناوە، ھەروەھا داواکاریمان لە ھاووڵاتیان ئەوەیە کە بەھیچ شێوەیەک ئەو گۆشتانە نەخۆن کە ئاژەڵەکە مۆری سەربڕخانەکانی لەسەر نەدراوە و، گۆشتی سەر شەقامەکانیش نەکڕن".

ڤێتێرنەری قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سنوورەکەیان تۆمار نەکراوە بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانی سنووری فەرمانگەکەیان ڕشاندووە وەک ڕێگرییەک لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.

کارمەند لە فەرمانگەی ڤێتێرنەریی قەزای سێمێل، ئەکرەم حەسیب لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ٢٠ نیسان، دەستمان بە ھەڵمەتی ڕشاندن و کوتانی ئاژەڵان کردووە، ئەوانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن، خۆیان دێن سەردانی فەرمانگەکەمان دەکەن و داوا دەکەن دەست بە ڕشاندنی شوێنی ئاژەڵەکانیان بکەین، ئێمەش بێ بەرامبەر ئەو کارانەیان بۆ دەکەین، ئەم ھەڵمەتەکە بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی خەڵکە، تا ئێستا حاڵەتی تای خوێنبەربوون نەگەیشتووەتە سنووری پارێزگای دھۆک، ئەم ھەڵمەتەش بۆ ئەوەیە چۆن بتوانین ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بکەین، چونکە ئێمە نزیک دەبینەوە لە جەژنی قوربان و دەزانین خواست زۆر لە سەر قوربانییکردن زیاد دەبێت، تا ئێستا لە سنووری قەزای سێمێل سەدا ٤٠ ی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵانمان ڕشاندووە، ھەروەھا زۆربەی ئەوانەی ئاژەڵ بەخێو دەکەن، ئاژەڵەکانیان شۆردووە".

هەڵەمەتەکە لە کاتێکدایە کە دوێنی شەممە ١٠ی ئایار تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون کە ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵە و خەڵکی ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٥ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە ھاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵەی خەڵکی قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو، پیشەی گۆشتفرۆشە و لە ئێستاشدا تەندروستی جێگیرە.

ئاژەڵداران بە پەرۆشەوە بە پیر ھەڵمەتەکەوە دەچن بۆ ئەوەی ھەم مەڕو ماڵاتەکانیان لە مەترسی نەخۆشییەکە بپارێزن ھەم خۆیان لە زیانە تەندروستییەکانی تای خوێنبەربوون بەدروور بگرن.

لەمبارەیەوە، ئاژەڵدار، عەبدەلرەحمان مووسا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تیمەکانی ڤێتێرنەریی دھۆک خۆیان ھاتن و دەستیان بە ھەڵمەتەکە کردووە کە ھەم ئاژەڵەکان بە دەرمان دەشۆردرێن، ھەم شوێنی بەخێوکردنیشیان دەرمانپڕژێن دەکرێت، داواکارین ساڵانە ئەم ھەڵمەتە بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت، نەخۆشییەکان بۆ مەڕداران و خاوەنەکانیان دەگوازرێتەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın