araz huseen
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك رائید ئازاد تەها رایگەیاند "لە ساڵی 2015دا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك هەزار و 223 رووداوی هاتوچۆ تۆماركراون و لەو رووداوانەدا سێ هەزار و 825 كەس بریندار بوون و 181 كەسیش گیانیان لە دەست داوە".
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2015دا تۆماركراون رائید ئازاد تەها گوتی: "11 هەزار 299 ئۆتۆمبێل تۆماكراون، كە شەش هەزار 474 لەوانە جۆری گشتین و 391یان كرێن و چوار هەزار 101یان بارهەڵگرن و 159یان ئۆتۆمبێلی كشتوكاڵین و 174یان ئۆتۆمبێلی پیشەسازین. هەروەها ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2015دا هەڵوەشێنراونەتەوە بریتی بووە لە هەزار و 67 ئۆتۆمبێل".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك رائید ئازاد تەها گوتیشی: "لە ساڵی 2015دا 23 هەزار و 264 مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە هاووڵاتییان دراوە و دوو هەزار و 608 ئافرەتیش مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە".
رائید ئازاد تەها لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ژمارەی ئەو سەرپێچیانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2015دا تۆماركراون خستەڕوو و گوتی: "لە ساڵی 2015دا 305 هەزار و 148 سەرپێچی كامێرا و رادار تۆماركراوە و دوو هەزار و 951 سەرپێچی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت و 43 هەزار و 288 سەرپێچی بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی لێخوڕین و 26 هەزار و65 سەرپێچی لێدانی ترافیك لایت و هەشت هەزار و 915 سەرپێچی لێخوڕین بە پێچەوانەی ئاراستەی لێخوڕین و 53 هەزار و 799 سەرپێچی وەستان لە شوێنی قەدەغەكراو و 44 هەزار 508 سەرپێچی نە بەستنی قایشی سەلامەتی و 142 سەرپێچی خواردنەوەی مادە كحولییەكان لە كاتی لێخوڕین و 28 هەزار و 673 سەرپێچی دانانی پەردە لە سەر جامەكانی ئۆتۆمبێل تۆماركراون".
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2015دا بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەی رووداوەكانی هاتوچۆ زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی قوربانییەكان كەمبۆتەوە، زیادبوونی رێژەی رووداوەكانی هاتوچۆش بۆ بوونی رێژەیەكی زۆر لە ئاوارە لە سنووری ئەم پارێزگایە و هاتنی رێژەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی دەرەكی گەڕێنراوە.