Rawan Nihely
09 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2016
بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، عسمەت رەجەب لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆلۆ راگەیاند "دەبێت كورد بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیونی ئازادكردنی مووسڵ مەرجی هەبێت".
عسمەت رەجەب گوتی: "دەبێت ئەو ناوچە كوردییانەی سەربە پارێزگای مووسڵن و هێشتا لە دەست داعش ماون، پێشمەرگە رزگاری بكات، هەروەها دەبێت كورد بۆی روون ببێتەوە دوای مووسڵ رۆلی چی دەبێت، لەڕووی كارگێریەوە چۆن بەرێوەدەبرێت، هەروەها لەڕووی ئەمنیەوە مووسڵ چۆن بەرێوەدەبرێت چونكە مەلەفی ئەمنی مووسڵ بۆ ناوچە كوردییەكان و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە".
بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە دواكەوتنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵی كرد و گوتی: "نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە بووەتە هۆی دواكەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ".
عسمەت رەجەب ئازادكردنی شاری مووسڵ بەكارێكی ئاسان نازانێت و لەوبارەوە گوتی: "پێش هاتنی داعش، خەڵكی مووسڵ یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس بوون، بەڵام ئێستا خەڵكەكە زیادی كردووە لەبەر ئەوەی زورێك لەو كەسانەی كە لایەنگری داعش بوون لە سەڵاحەدین و ئەنبار و سووریا روویان لە مووسل كردووە، بۆیە بەڕای من ئێستا مووسڵ بووتە بنكەی سەرەكی خەلافەتی داعش و دەركردنی داعش لە مووسڵ واتای لە ناوچوونی داعش دەگەیێنێت، كە بەڕاستی ئازادكردنی مووسڵ پێویستی بە هێزێكی زۆر رێكوپێكە".
عسمەت رەجەب رۆڵی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ بە گرنگ دەزانێت و گوتی: "لەو داستانانەی كە پێشمەرگە لە خازر و پێشتر لە چەند شوێنێكی دیكە لە دژی داعش تۆماری كردووە، ئەمریكا بەهێزی سەربازیش بەشدار بووە و رۆڵێكی ئێكجار زۆری گیڕاوە و پێشم وایە كە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ رۆلێكی ئێكجار زۆر دەگێرێت".
سەبارەت بە ئەدای پارێزگاری نوێی نەینەوا و گلەییەكانی خەڵك، بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە سەرەتادا لەگەڵ ئەوە نەبوو كە ئەسیل نوجێفی بگوڕدرێت، بەڵام شتەكە رووی دا و ئێمەش لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسین، خەڵك گلەیی لە پارێزگاری نوێ دەكەن كە ئەدای ئیداری باش نییە و گرنگی بە ئاوارەكان نادات و گرنگی بە ناوچە تازە رزگاربووەكان نادات، ئێمەش لەگەڵ گلەیی خەڵكداین".
عسمەت رەجەب رەخنەی لە ئیدارەی خۆجێی پارێزگای نەینەوا گرت كە تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە ناوچە رزگاربووەكان بكات بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە و ئەو خزمەتگوزاریانەی تا ئێستاش پێشكەش كراون لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بووە.
عسمەت رەجەب ئەو قسانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن كە خەڵكی مووسڵ زۆربەیان حەزیان لە دەسەڵاتی داعشە و گوتی: "مووسڵ بۆ خەڵكی شارەكە بووە بە زیندانێك، خەڵك ناتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە بژیت، لە رەوشێكی ئابووری زۆر خراپدان، خەڵك ناتوانێت لە شارەكە دەربچێت تەنانەت ئەگەر بۆ چارەسەری پزیشكیش بێت".
لەبارەی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال، عسمەت رەجەب گوتی: "مانەوەی پەكەكە لە شنگال هیچ مانایەك ناگەینێت بێجگە لە دروستكردنی ئاڵۆزی، چونكە ئێستا پەكەكە لە شنگال بووەتە رێگر لە بەرامبەر ئاوەدانكردنەوی شنگال، ئەوان بارەگا و دامودەزگاكانی حكوومەتیان داگیر كردووە، كە فەرمانگەكانیش ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بكەن".
سەبارەت بە بەشداریكردنی پەكەكە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، عسمەت رەجەب گوتی: "پەكەكە بەرپرسیار نییە بەرامبەر بەشداری كردن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و شوێنی خۆی ناگرێت".