Piştiwan Celal
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2015
لەكاتی چونە نێو گوڵاڵەدا هەر لە دەروازەی شارۆچكەكەوە پاشماوەی شەڕ و وێرانكاری داعش بە سیمایەوە دەبینیت، لە ئێستاشدا پڕۆسەی گەڕانەوەی ماڵەكانی گوڵاڵە دەستی پێ كردووە، ئەمەش لە دوای رزگاركردنی ئەو شارۆچكەیە دێت لە دەستی چەكدارانی داعش كە زیاد لە ساڵێكە لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كراوەتەوە بەڵام هەتا ئێستا فەرمانگەكانی ئەو شارۆچكەیە نەگەڕاونەتەوە و بەڕێوەبەری شارۆچكەكەش ماڵەكەی خۆی كردوە بە بینای فەرمانگەكەی.
بەڕێوەبەری نوێی شارۆچكەی گوڵاڵە، یەعقووب یوسف لە بارەی دۆخی شارۆچكەكەیەوە بۆ ئانادۆڵۆ دوا و گوتی: "لە هەنگاوی یەكەمدا دەستمان بە دوو گوندی نزیك گوڵاڵە كرد كە گوندی سەید ئەحمەد و سەید جابر نزیكەی 132 ماڵمان گەڕانەوە، لە هەنگاوی دووەمیشدا دەستمان كرد بە ناوشار، وەك ناوشاریش سەرەتا لە گەڕەكی ئازادییەوە دەستمان پێ كرد كە ژمارەی گشتیی دانیشتووانەكەی هەزار و 553 ماڵن، ئێمە 155 ماڵمان گەڕانەوە وەك هەنگاوی یەكەم، هەموو خزمەتگوزاریەكانی ئامادەن وەك ئاو و كارەبا و قوتابخانەیەكی سەرەتایشمان بۆ ئامادە كردوون و دوای نیوەی ساڵ قوتابخانەی دواناوەندیشیان بۆ ئامادە دەكەین".
داعش دوای نەمانی لە شارۆچكەی گوڵاڵە بۆمبێكی زۆری چێنراوی لە پاش خۆی بەجێهێشت، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی لەسەر ناوچەكە دروست كردبوو، سەبارەت بەو بۆمبە چێنراوانەی داعش لە نێو گوڵاڵەدا، یەعقوب یوسف گوتی: "ئێمە دڵنیاین هیچ نەماوە لە گوڵاڵە لە مەترسی عەبوە (بۆمبی چێنراو) و شتی لەو جۆرە، چونكە تیمی مینەكانی حكوومەتی هەرێم لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك نزیكەی 832 عەبوەیان دەركرد لە گوڵاڵە، بۆیە ئێستا مەترسی عەبوە و داعشیش نەماوە لەسەر ناوچەكە".
لەكاتی گوزەركردن بە گەڕەكی ئازادی كە هەندێ ماڵی كورد و عەرەبی بۆ گەڕاوەتەوە، دەبینی خەڵكەكەی سەرقاڵی دەستپێكردنەوەی ژیانن لە سەرتاوە، هەندێك سەرقاڵی پاككردنەوەی خانووەكانیان و هەندێكیش دووكانەكانیان، ئەگەر نەڕووخابن.
دانیشتوویەكی شارۆچكەكە حەیدەر عەبدولعەزیز كە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەكەی هاتبوونەوە بۆ گوڵاڵە و سەرقاڵی پاكردنەوەی ماڵەكەیان بوون، ناوبراو بۆ ئانادۆڵۆ دوا و گوتی: "ئێستا ئێمە لە گەڕەكی ئازادین گەڕاوینەتەوە بۆماڵی خۆمان و هاتوین بۆ پاکكردنەوەی، فەرمانگەی كارەبا دێت كارەبامان بۆ رادەكێشێت و فەرمانگەی ئاویش دێت بۆری ئاوەكان چاك دەكاتەوە، بەو شێوەیە وردە وردە ژیان دەست پێ دەكەینەوە".
خەمێكی تری ئەو ماڵانەی دەگەڕێنەوە بۆ شارۆچكەكە شوێنی كار و پەیداكردنی بژێوی ژیانیانە، چونكە بەهۆی وێرانكارییەكانی داعشەوە دووكان و بازاڕەكانی گوڵاڵە، زیانی گەورەیان پێ گەیشتوە هەروەها نازانرێت كەی جووڵەی بازرگانی و ئیشوكار لە ناوچەكە دەست پێ دەكاتەوە.
حەیدەر عەبدولعەزیز لەو بارەیەوە گوتی: "من پێشتر دووكانی (بڵانص و میزانیە)ی ئوتۆمبێلم هەبوو بەڵام ئێستا دووكانەكەم رووخاوە و تەخت كراوە".
خواستی ئەو ماڵانەی گەڕاونەتەوە بوونی پێشمەرگەیە لەناوچەكە چونكە ئەوان دەڵێن بە مانەوەی پێشمەرگە ئاسایشی ناوچەكە پارێزراو دەبێت.
شارۆچكەی گوڵاڵە پێشتر سەربازی عێراقی و هێزی (بشار الخیر)ی عێراقی و هێزەكانی دیجلەی تێدا بوو، بەڵام بەڕێوەبەری شارۆچكەی گوڵاڵە لەبارەی هاتنەوەی هێزی عێراقی بۆناوچەكە هەرجۆرە گەڕانەوەیەكی هێزەکانی عێراقی رەتكردەوە و گوتی: "ئێمە بەهیچ جۆرێك قبووڵی ناكەین سەربازی عێراقی بێتەوە بۆ ناوچەكە، هەروەها قبووڵیشی ناكەین دووبارە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دیالە بێتەوە بۆ ئێرە، ئێمە دەمانەوێت بنكەی پۆلیسی دیالە دروست بكەین لە گوڵاڵە و سەر بە قەزای خانەقین بێت".
بینای تەواوی فەرمانگە و دامەزراوەکانی حكوومی شارۆچكەی گوڵاڵە رووخێنراون و پێویستیان بە سەرلەنوێ دروستكردنەوەیان هەیە، لە ئێستاشدا چەند رێكخراوێكی بیانی و نێوخۆیی سەردانی بەڕێوەبەری شارۆچكەكەیان كردووە بەمەبەستی هاوكاریكردن بۆ بونیاتنانەوەی فەرمانگەكان، سەرەتاش كار بۆ دروستكردنەوەی نەخۆشخانە و ئەو فەرمانگانە دەكرێت كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.
لە رزگاركردنەوەی شارۆچكەی گوڵاڵەدا 167 پێشمەرگە شەهید بوون، رۆژی (29ی كانوونی یەكەم)یش بۆ یادكردنەوەی شەهیدانی میحوەری گەرمەسێر دانراوە.
دوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003 كوردانی شارۆچكەی گوڵاڵە گەڕانەوە شارۆچكەكە، هەتا ساڵی 2009 كە پێشمەرگە لە ناوچەكە بوو بارودۆخی خەڵکی ناوچەكە باشتر بوو بەڵام دوای رۆشتنی پێشمەرگە لەو شارۆچكەیە و جێگیركردنی سوپای عێراقی بارودۆخی خەڵکی شارۆچكەكە زۆر خراپ بوو، ئێستاش ماڵە كوردەكان هاوشێوەی ساڵی 2003 دەگەڕێنەوە گوڵاڵە بەڵام ئومێدەوارن شارۆچكەكەیان جارێكی تر نەدرێتەوە دەستی سوپای عێراقی.