Sangar Hamad Azeez
21 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
شاری جەرابلوس کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا لەلایەن سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانی هێزێکی تایبەتی سوپای تورکیا لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد کرا، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ دەگەڕێتەوە.
جەرابلوس کە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانەوە ژمارەی دانیشتوانی بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ کەس کەم ببوویەوە، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لەلایەن سوپای سووریای ئازاد ژمارەی دانیشتوانی رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زۆربوون دەکاتەوە.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەوزەفرۆش، ئەبوجەمال گوتی: "جەرابلوس زێدی منە، تەنانەت لەکاتی داگیرکردنیشی لەلایەن داعشەوە جێم نەهێشت".
ناوبراو تیشکی خستە سەرئەوەی کە لەو کاتەی جەرابلوس لەژێر دەستی داعش بوو تەنها لە کاتی پێویستدا دەچوونە دەرەوە و گوتی: "لەو کاتەدا فرۆشگاکەم داخست بوو، زۆر بە سەختی ژیانمان بەڕێدەکرد".
ئەو سەوزەفرۆشە ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی ناوچەکە کۆنترۆڵ کرایەوە و داعش هەڵات دەستی بە کارو کاسبی خۆی کردووەتەوە و گوتی: "پێشوتر فرۆشمان زۆر نەبوو چونکە جموجۆڵ لە بازاڕەکان نەمابوو، بەڵام لە ئێستادا کارو کاسبی باشە لەخوا بەزیاد بێت. بە ئیزنی خودا هەموو شتێک بەرەو باشی دەچێت و دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە".
گۆشتفرۆش، محەمەد ئەمین گوتی: "وێڕای ئەوەی کە جەژنی قوربان بەسەرچوو بەڵام بازاڕ باشە و جموجۆڵی هەیە، هاووڵاتییانی جەرابلوس دڵخۆشن لەبەر ئەوەی ئازادی هەیە لە شارەکە، بۆیە بەبێ ترس دێنە دەرەوە و چیان بوێت دەیکڕن و دەخۆن و دەخۆنەوە بەڵام پێشوتر لە زێدی خۆمان وەک کەسانێکی بیانیمان لێهاتبوو کە نەمان دەتوانی هیچ شتێک بە ئارەزووی خۆمان بکەین".