Sangar Hamad Azeez
23 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گرتنی ئەندامانی پارتی گەشەپێدانی ئیسلامی تاجیکی لەلایەن حکوومەتی تاجیکستانەوە کە لە نێوانیاندا ئەندامێکی سەندیکای پارێزەرانی سیپار بەدی دەکرا. سەندیکای پارێزەرانی تورکیا شاندێکی شەش کەسی پێکهێنا تاوەک سەردانی تاجیکستان بکەن بەڵام لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک تەنیا رێگە بە دوو پارێزەر درا ئەمانیش گولدەن سۆنمەز و ئەمینە یڵدرم بوون.
دوای رێکخستنی پرۆگرامی گەشتەکەیان لەلایەن سەندیکای پارێزەرانەوە لەو ئوتێلەی تێیدا دەحەسێنەوە لە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان لەلایەن پۆلیسی وڵاتەکەوە دەستگیر دەکرێن.
سەبارەت بە رووداوەکەش سەندیکای پارێزەران لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "دوو پارێزەری تورک و وەرگێڕێک لە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان لە کاتی حەوانەوایەن لە ئۆتێلدا لەلایەن پۆلیسی وڵاتەکەوە دەستگیر دەکرێن".
هاوکات سەندیکای پارێزەرانی تورکیا و سەندیکای پارێزەرانی نێودەوڵەتی بەیەکەوە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و تێدا وێڕای ئیدانەکردنی گرتنی ئەو پارێزەرانە داوایان لە حکوومەتی تاجیکستان کرد هەرچی زووە واز لە دەستگیرکردنی بێ بنەمای هاووڵاتیان بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "هەریەک لە پارێزەران گولدەن سۆنمەز ئەندامی سەندیکای پارێزەران و دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئەمینە یڵدرم ئەندامی سەندیکای نێودەوڵەتی پارێزەران و زوار بێگی وەرگێڕ لە رێگای هێڵی ئاسمانی تورکییەوە لە دووشەنبە رەوانەی ئیستانبوڵ دەکرێنەوە".
ئەمڕۆش ئەم دوو پارێزەرە و وەرگێڕەکە لە رێگای هێڵی ئاسمانی تورکی-یەوە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ.