Brussels
بڕۆکسل- AA
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سۆفی ویلیامز دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
گوتەبێژی سۆفی ویلیامز، ئەوەی ئاشکرا کرد کە وەزیری دەرەوە بەهۆی خراپبوونی رەوشی تەندروستییەوە لە شەوی رابردووەوە لە بەشی چاودێری چڕدایە.
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سۆفی ویلیامز دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، پشکنینی کۆرۆنای پۆزەتیڤ دەرچوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە خۆی کەرەنتین دەکات.
سۆفی ویلیامز جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە شوێنی کارەکەی هەموو رێکارێکی خۆپارێزییان گرتبووە بەر، بەڵام ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە گوازرابێتەوە بۆ خێزانەکەی.
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە سەرەتای ئەم مانگەوە وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی بەلجیکا دەستبەکاربووە و لە کابینەی پێشووتریشدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەبوو.
بەلجیکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆر بە خراپی کەوتووەتە ژێر کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە کۆی دانیشتوانەکەی کە ١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە، ٢٥٣ هەزار حاڵەتی تووشبوون و ١٠ هەزار و ٥٣٩ حاڵەتی گیانلەدەستدانی لێ تۆمارکراوە.