Kosar OSMAN
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
هەزاران کەس لە وڵاتی بەلجیکا لە کەشوهەوایەکی سارد و بەستوودا چوونە نێو دەریا. ئەمە بۆتە نەریتێک لە شاری ئۆستێندی بەلجیکا و هەموو ساڵێک لە دووەم رۆژی مانگی کانوونی دووەمدا خەڵک دەچنە نێو دەریا.
دوای ئەوەی بە هەزاران کەس بەرەو کەناراو رۆیشتن، هەموویان بە مەبەستی گەرمکردنەوەی جەستەیان چەند جووڵەیەکی وەرزشییان ئەنجامدا. دوای ئەوە لە کاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆدا خەڵکەکە بە جارێک، بە منداڵ و گەنج و بەساڵاچووەوە ماوەی 200 مەتریان بڕی و خۆیان هەڵدایە نێو دەریا.
یەکێک لە بەشداربووان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت :" زۆر کەیفێکی خۆشە ئەم ساردییە. ئێمە بەم کارەمان رکابەری لەگەڵ سەرمادا دەکەین."
جێی باسە ژمارەیەک تیمی تەندروستی و رزگارکردن لەلایەن حکومەتی بەلجیکاوە ئامادەکرابوون و لە کەناراوەکەدا خرابوونە سەر ئەرکەکانیان.