Muhammet Ali Kemal
22 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
لە ئەنجامی تەقینەوەكانی ئەم بەیانییەی فڕۆكەخانەی زاڤێنتمی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكادا لانیكەم 13 كەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.
دامەزراوەی راگەیاندنی بەلجیكا (VRT) بڵاوی كردەوە لە تەقینەوەكانی فڕۆكەخانەی زاڤێنتمدا لانیكەم ١٣ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ی دیكەش بریندار بوون.
لای خۆیەوە كۆمیسیۆنی ئەورووپا داوای لە كارمەندانی كرد لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە و نەچندەرەوە.
لە دوای تەقینەوەكان، فڕۆكەخانەی زاڤێنتم چۆڵ كرا و هەموو گەشتە ئاسمانییەكانیش هەڵوەشێنرانەوە.
بە ماوەیەكی كەم لە دوای تەقینەوەكانی نێو فڕۆكەخانەكە، لە وێستگەی ''Maelbeck''ی میترۆ كە دەكەوێتە نزیك دامەزراوەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە برۆكسل، تەقینەوەیەكی دیكە روویدا.
دامەزراوەی پەخشی گشتی بەلجیکا، ڤی تی ئێم رایگەیاند کە لە تەقینەوەکەی وێستگەی مێترۆی مایلبیک کە ٥٠٠ مەتر لە دامەزراوەکانی یەکێتی ئەورووپا دوورە، ١٠ کەس گیانی لەدەستداوە.
هەموو وێستگەكانی میترۆ لە شارەكە بە رووی هاتوچۆدا داخراون.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد كامیرۆن، لە روونكردنەوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە رایگەیاند ''بەهۆی رووداوەكانی برۆكسلەوە تووشی سەرسووڕمان بووم. هەرچییەكمان لەتوانادا بێت دەیكەین بەمەبەستی هاوكاریكردنیان''.
رۆژی هەینی رابردوو لە گەڕەكی مۆلێنبیكی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لە ئۆپەراسیۆنێكدا گومانلێراوی هەڵاتووی هێرشە تیرۆریستییەكانی پاریس، سەڵاح عەبدولسەلام بە برینداری دەستگیركرابوو.