برۆکسل
سکرتێری گشتی ناتۆ ئاندێرس فۆگ راسموسێن رایگەیاند، قەیرانی ئۆکرانیا تەنیا پەیوەندی بە سنووری ئەو وڵاتەوە نییە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر ئاسایش و سەقامگیری ھەموو ئەوروپا و ناوچەکە، لە جەنگی ساردەوە تائێستا، رووبەڕووی ترسناکترین قەیرانی ئاسایش بوینەتەوە لە ئەوروپا.
راسموسێن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا باسیان لە پەیوەندییە ھاوبەشەکان کرد.
راسموسێن گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ئەتلانتیکی ئەوروپا، جیاواز لە وڵاتانی ئاسیا و زەریای ھێمن ناگیرێتە دەست، لە کاتی قەیرانەکە لەگەڵ ژاپۆن ھاوڕابووین لەسەر پەیوەندی و دیالۆگەکانمان، چونکە پەیوەندییەکی زۆر گرنگمان لەگەڵ ژپۆن لەبارەی پرسی ئاسایشی جیھانەوە ھەیە."
راسموسێن لە گوتەکانی باسی لە رۆڵی ناتۆ لە رووی بەرگرییەوە لە ھاوپەیمانی و قەیرانی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "بەرپرسیارێتی سەرەکی ناتۆ بەرگریکردنە لە ھاوپەیمانەکانی، گەر پێویست بکا ھەنگاوی زیاتر دەنێین لە ئۆکرانیا."
لای خۆیەوە شینزۆ جەختی لە رێوشوێنەکانی کۆبوونەوەی جی ٧ لە دژی روسیا کردەوە.
شینزۆ لە سەردانەکەی مانگی ئابیدا، رێکەوتنی نەخشە رێگای قوڵکردنەوەی پەیوەنییە ھاوبەشەکەی لەگەڵ ناتۆ ئیمزا کرد.
ژاپۆن جگە لە ناوچەکانی ئەتلەنتیکی ئەوروپا، کۆنترین ھاوپەیمانی ناتۆیە.