Rewa Mahmut Hasan
22 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
لەئێستادا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دوای راگەیەیاندنی زەنگی مەترسیداری تیرۆر کە بۆ ئاستی ٤ بەرز کراوەتەوە، پۆلیسی شارەکە بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێن کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت یەکێکیان خۆی بۆ تەقینەوەیەکی خۆکوژی ئامادە کردووە.
لەلایەکی ترەوە قەرەباڵغ ترین مەیدانی شارەکە بەناوی گراند پالاس چۆڵییەکی زۆری پێوە دیارە، سەرۆکی شارەوانی برۆکسل یبان مایەور رۆژی رابردوو داوای کرد کە ریستۆرانت و کافێکان لە سەعات ٦ی ئێوارەوە دابخرێن.
لەلایەکی ترەوە دوو لە بازاڕە گەورەکانی شارەکە لە دوانیوەڕۆوە داخراون و مۆزەخانەی هونەرەجوانەکانی پاشایی بەلجیکا بەڕووی گەشتیاراندا داخران. هاوکات کۆنسێرتێکی گۆرانیبێژی فەڕەنسی بەناوی جۆنی هالیدای بۆ مانگی ئازاری داهاتوو دواخرا.
برۆکسل کە خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووە خاوەندارێتی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا دەکات. رۆژنامەی لۆسۆیر رایگەیاندووە کە پۆلیسی شارەکە بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێن کە یەکێکیان خۆی بۆ تاوانی تیرۆریستی خۆتەقاندنەوە ئامادە کردووە.
لە بەلجیکا و دوای رووداوەکانی پاریس، زیاتر لە ١٠ کەس دەستبەسەر کرابوون، لەوانە هەمزە عەتومحەمەد عامری کە بە یارمەتیدەری پلاندارێژەی هێرشەکانی پاریس عەبدولحەمید عەبائوود، دادەنرێت.