Muhammet Ali Kemal
30 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا روونکردنەوەی سەبارەت بە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە رووسییە دا کە کایەی ئاسمانی تورکیای بەزاندبوو.
داودئۆغڵو رایگەیاند:''سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە (لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ) کۆبوونەوەیەکمان سازکرد. ئەو کارەی ئێمە کردوومانە لە چوارچێوەی بەرگریکردندایە. سێ جار کایەی ئاسمانیمان لەلایەن رووسیاوە بەزێنرا. ئێمەش سێ جار ئاگەدارمان کردنەوە. لێپرسراوێتی ئەوەی کە رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم رووی دا لە ئەستۆی تورکیا نییە. ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەین لەسەر هەموو ئاستەکان".
ئەحمەد داودئۆغڵو هەروەها گوتی: "هیچ وڵاتێک لەبەر ئەوەی لێپرسراوێتی خۆی بەجێهێناوە داوای لێبوردن ناکات. سوپاکەمان لێپرسراوێتی خۆی بەجێهێنا. هیچ وڵاتێک لەبەر ئەوەی کاری خۆمانمان ئەنجام داوە چاوەڕێی ئەوە نەبێت داوای لێبوردن بکەین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە رووسییەی کایەی ئاسمانی تورکیا بەزاند، رایگەیاند: "ئێمە ئاستی ئەم گرژییە، بەرز ناکەینەوە. ئامادەی گفتوگۆین".
سکرتێری گشتیی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "تورکیا خاوەنی مافی پارێزگاریکردن لە سنوورەکان و کایەی ئاسمانی خۆیەتی. ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ رووسیا دەکەین. تورکیا مافی پاراستنی کایەی ئاسمانی خۆی هەیە. لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی وەزیرانی دەرەوەدا تاوتوێی هێمنکردنەوەی گرژییەکان دەکەین".