Ramal Abdullah
15 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2015
ئەنقەرە
ئەنوەر كۆرزای تەمەن ٥٥ ساڵ کە یەكێكە لەو بریندارانەی كە لەپەلامارە تیرۆریستییەكەی ئەنقەرە هەردوو قاچی بریندار بووە و لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی زانكۆی گازی خەریكی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكییە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو دوا.
كۆرزای كە ئەندازیاری كارەبایە ئاماژەی بەوەدا تازە ماڵی لە ئارتڤین هۆپاوە گواستبۆوە بۆ ئەنقەرە و هەمان رۆژ بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی ئاشتی چووەتە پێش وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە، گوتی: "هەم ویستم دۆست و هاوڕێكانم لەوێ ببینم هەمیش ویستم هەوڵێكی بچووكیش بێت بۆ ئاشتی و پێكەوەیی و خزمەتێك بە وڵاتەكەم بكەم. لەناو ئەو خۆشییەدا بووم".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا هەر كە گەیشتە وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە تەقینەوەكە روویدا و گوتی: "لەسەر ئەندەرگراوندی بەرامبەر وێستگەکە راوەستا بووم. ئەوكاتەی چوومە گۆرەپانەكە كە ئاوڕمدایە بۆ پشتەوە تەقینەوەكە بوو. لەگەڵ تەقینەوەكە هەستم بە ئازار كرد لە هەردوو قاچەكانمدا و كەوتمە سەر زەوی. لەناكاو دوو هاوڕێ لەوی هەڵیان گرتمەوە، لەگەڵ هاوڕێیەكی دیكەی بریندار سواری تەكسییان كردین، هاوارێكی ترسناك، قەرەباڵغیەكی زۆر، ئازارێكی لەپەلوپۆخەر بوو، لە تەقینەوەی یەكەم بریندار بووم. وام بە بیردێتەوە تەقینەوەی دووەمم گوێ لێ بوو، بەڵام دڵنیاش نیم".
كۆرزای لەبەر ئەوەی لەكاتی تەقینەوەكە بەسەر دەمدا كەوتبوو ئەوەی روونكردەوە كە زۆر شتی نەدیووە و گوتی: "بەهاتنم بۆ نەخۆشخانە زانیم ساچمە لەناو قاچ و پشتمدا هەیە. نەشتەرگەری بۆ هەردوو قاچم ئەنجامدرا. ئەگەر من ٣-٥ خوولەك دواكەوتبام لەناو ئەو قەرەباڵغییەدا تیادەچووم. كە هاتمە نەخۆشخانە خوێنێكی زۆر لەگەدەم هات. خوێنبەربوونم هەبوو. مانەوەم لەژیان بەراستی رێكەوتە".
ناوبراو سەرنجی راكێشا بۆ ئەوەی پێویستە دەوڵەت ئەركی راستەقینەی خۆی بەجێ بێنێت و ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بكات و گوتی: "ئەگەر دەوڵەت دەیەوێت برینەكانمان ساڕێژ بكات، دەمانەوێت پێش هەموو شتێك ئەوانە بدۆزرینەوە كەدەستیان لەو كارەدا هەبووە. دەمانەوێت متمانەمان بەدادگا و یاسا هەبێت. دەمانەوێت لەوڵاتەكەمان دادپەروەری و یاسا بچەسپێت. لە رۆژهەڵاتەوە تاكو رۆژئاوا وڵات خەڵتانی خوێن كرد. ئێمە لەگەڵ كەس لەگەڵ خوشك و براكانمان كێشەمان نییە".