Ekip
11 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
هەولێر
لە ژێر دروشمی "پایتەختی تەندروست بۆ کوردستانی سەربەخۆ بە پاڵپشتی پێشمەرگە" بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بۆ پێداچوونەوە بەکاروچالاکی و پرۆژەکانی ساڵی2015 ی لە پارێزگاری ھەولێر لە هۆتێلی شیراتۆن ئەنجامدا.
خزمەتگوزاری تەندروستی یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ساڵانە ئاماری وەزارەتەکەی دەخاتە ڕوو.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دکتۆر سامان حسین بەرزنجی گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ساڵانە هەڵدەستێ بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی کارەکان تا لە نزیکەوە ئاگاداری تێبینی و رەخنە و کارە چاک و خراپەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بین، هەرچەندە ساڵی پار، ساڵێکی پڕ قەیران و گرفت بوو هەروەها هاتنی ئاوارەکان و شەڕی تیرۆرستان و سنووری فراوانی هێزەکانی پێشمەرگە فشاری زیاتری خستە سەر حکوومەت و قەیرانی داراییش گرنگرتین گرفتەکانی رۆژانەمان بوو بەڵام خۆشبەختانە هەوڵەکانمان رانەوەستاوە بەتایبەت خزمەتگوزارییەکانی سەرەتایی بۆ هاووڵاتیان و چاودێریکردنی تەندروستی سەرەتایی و چالاککردنی تیمەکانی فریاکەوتن و فەراهەمکردنی رەوشێکی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکانی بەرگریکردن لە خاکی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە کوالێتی و پشکنین بۆ بابەتی ئەو خواردەمەنییانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی: "لە ساڵی رابردوو بڕی 510 تۆن خواردەمەنی بە هۆی بەسەرچوونی ماوەکەیان لەنێوبردراون و گومان لە هەر بابەتێک هەبێت ئەوا راستەوخۆ رەوانەی تاقیگەی ناوەندی دەکەین و لە ماوەی 3 رۆژ وەڵام دەدرێتەوە".
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا دکتۆر سامان بەرزنجی ئامارەکانی ساڵی 2015 ی راگەیاند و سەرەتا ژمارەی نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی لەناو شاری هەولێر خستەڕوو کە بریتی بوو لە 12 نەخۆشخانە و 27 بنکەی تەندروستی و 12 بنکەی تەندروستی تایبەت، 3 نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان، هەروەها دەزگاکانی تەندروستی لە دەشتی هەولێریش بریتی بوو لە 16 بنکەی سەرەکی تەندروستی و 2 بنکەی تایبەتی تەندروستی.
پارێزگای هەولێر چەند قەزایەکی لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە قەزاکانی دەشتی هەولێر و خەبات و شەقڵاوە و سۆران و چۆمان و دەڤەری بارزان کە بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، قەزای خەبات 12 بنکەی سەرەکی تەندروستی و 18 بنکەی لاوەکی تەندروستی هەیە و قەزای شەقڵاوەش 3 نەخۆشخانە و 8 بنکەی سەرەکی و 27 بنکەی لاوەکی تەندروستی و 2 نووسینگەی لەدایکبوون و مردووانی هەیە و قەزای سۆرانیش 5 نەخۆشخانە و 9 بنکەی سەرەکی و 34 بنکەی لاوەکی تەندروستی و3 بنکەی تایبەتی تەندروستی و 3 نووسینگەی لەدایکبوون و مردووانی هەیە و قەزای چۆمانیش 1 نەخۆشخانە و3 بنکەی سەرەکی تەندروستی و 14 بنکەی لاوەکی تەندروستی و1 نوسینگەی لەدایکبووان و مردووانی هەیە و دەڤەری بارزانیش 1 نەخۆشخانە و6 بنکەی سەرەکی تەندروستی و23 بنکەی لاوەکی تەندروستی و 1 نووسینگەی لەدایکبوون و مردووانی هەیە.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری چالاکییەکانی هۆبەی کوتانی بۆ ساڵی 2015 خستەڕوو کە تێیدا هاتووە کوتانی 74000 قوتابی لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و 9530 کەس لە حاجی و عەمرەکاران لە کاتی سەفەرکردنیان و 1523 کرێکار و بەشداربووەکانی مەلەوانگە و دەستپێکردنی دوو هەڵمەتی کوتان و دژی بەکتریای کۆلێرا بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان و لە هەر هەڵمەتێکدا زیاتر لە 28000 کەس بەشداربووە لەم کوتانە.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، رێژەی نەخۆشی سکچوون لە ساڵی 2015 زۆر کەمی کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی پێشووتردا زۆر کەمی کردووە و ساڵی 2014 و لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی سکچوون بوون لە ساڵی 2013 بریتییە لە 79926 کەس و لە ساڵی 2014 ئەم رێژەیە دابەزیووە بۆ 68956 و لە ساڵی 2015 هێشتا دابەزیووە بووەتە 66393 کەس.
سەبارەت بە نەخۆشییەکانی ئایدز، لە ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە لە ساڵی رابردوودا 22 حالەتی ئایدزهەبووە کە 20 کەسیان بیانی و 2 کەسیش عێراقی بوون.
هەر لە ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە کە 331 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری هەیە کە لەم ژمارەیەش 139 ئۆتۆمبێل تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
جێی ئاماژەیە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە کۆتایی ساڵدا ئامارەکانی یەک ساڵی رابردوویان دەخەنەڕوو.
�Y�^�F��YQҌ