Sangar Hamad Azeez
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم جەختی کردەوە لەوەی کە تورکیا گرنگی بەیەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەدات و گوتی: "ئاسایشی تورکیا بەعێراق دەست پێدەکات. ئەگەر بێت و عێراق پارێزراو نەبێت ئەوا تورکیاش پارێزراو نابێت. هەر بۆیەش دەبێت بەیەکەوە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە بەپێچەوانەوە هەرگیز ناتوانین بەسەر تیرۆردا زاڵبین".
لە میانی لێدوانێکی بۆ کەناڵی تورکمانئێلی، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم کە بەسەردانێکی دوو رۆژی لە عێراقە، سەردانەکەی بەئیجابی وەسف کرد.
یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردانەکەیدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و گوتیشی:" هەلم بۆ رەخسا لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییە تورکمانییەکان و پەرلەمانتارانی تورکمان کۆببمەوە".
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوامبوونی ناسەقامگیری لە عێراق بەهۆی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و پەکەکە خراپترین کاریگەری لە تورکمانەکان کردووە. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە هۆکاری سەردانەکەی بۆ ئەوەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بابەتانە تاوتوێ بکەن و هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە عێراق، گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان و کۆتاییهێنان بەئازارەکانی هاووڵاتییان.
یڵدرم ئەوە خستە روو کە لەگەڵ پیاوانی ئایینی کۆبووەتەوە و گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم کلدان، سوننە و شیعەکان هەموویان لەمبارەیەوە وەک یەک بیردەکەنەوە. دەیانەوێت ئیتر کۆتایی بێت بەو ئازارانەی لە رابردوودا لەناویدا ژیاون".
یڵدرم جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەردانەی بۆ عێراق دەبێتە دەسپێکی خاڵێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق و، گوتی: "تورکیا هەر لەسەرەتاوە دەڵێت 'یەکپارچەیی و یەکگرتوویی و پێکەوەیی عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگە'. ئەمنییەتی تورکیا لە عێراقەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر ئەمنییەتی عێراق نەیەتە دی، تورکیاش ئەمنییەتی نابێت. لەبەر ئەمە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدڵنیاییەوە پێویستە پێکەوە بکەوینە خۆ. ئەگینا بەپێچەوانەوە ئەو سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوە نایەتە دی".