İlhan Toprak
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2015
سەركۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەلێدوانێكیدا لەكۆبوونەوەی دەستەی سەركار و گەورە باڵیۆزان كە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی ئابووری دەرەوە لەهۆتێلێك رێكیخستبوو، رەخنەی لەهەڵوێستی ژمارەیەك وڵات گرت لەبارەی رێكخراوەكانی تیرۆریستی.
ئەردۆغان گوتی: "دەمەوێت هۆشداری بدەم بەو وڵاتانەی كە هەڵوێستی دووڕوانەیان هەیە بەرامبەر رێكخراوەكانی تیرۆریستی و دەڵێن تیرۆریستی ئێمە باشە و تیرۆریستی ئێوە خراپە. دەبێت لەبەرامبەر تیرۆر هەڵوێستێكی مەبدەئی نیشان بدرێت، لەكۆتاییدا پڕیشكی ئەو ئاگرە هەموو دونیا دەگرێتەوە. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ وادەزانن لەئاشتی و سەقامگیریدا دەژین، دەبێت بزانن لەهەستكردن بەئاگری ئەو تیرۆرە رزگاریان نابێت".
ئەردۆغان تیشكی خستە سەر ئەوەی ئەو وڵاتانەی بەبیانووی تیرۆر خەریكی پیلانگێڕان بوون لەسەر سووریا لەماوەیەكی كەمدا دەبینین كە بەهەڵەدا چوون و، بەمشێوەیە بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی: "زۆر وڵات لەراگەیاندنەكانەوە چاودێری ئەو قەیرانانە دەكەن و حكومڕانانی زۆر وڵات لەسەر كاغەز خەریكی شیكردنەوەی ئەو قەیرانەن بەڵام ئێمە هەموو رۆژێك رووبەڕووی دەبینەوە. نابێت قسەكانی ئێمە وەكو قسەی سیاسیی و بەباق و بریق لێكبدرێنەوە. ئێمە چی راستییە ئەوە دەڵێین جارێكی دیكە دووبارەی دەكەینەوە هەركەسێك دەستی هەبوو بێت لەخۆشكردنی ئاگری سووریا لەماوەیەكی نزیكدا ئەویش دەگرێتەوە. ئێمە لەپەرۆشیمان ئەو هۆشدارییە دۆستانەیە دەدەین. تاكو ئێستا بەچاوی مرۆیی، ویژدانی و رەوشتی لەو بابەتەمان رووانیووە لەو سۆنگەیەوەش بەردەوام هۆشداریمان داوە. ئێمە بەئەركی برایەتی و هاوسێیەتی خۆمان هەڵساوین لەناوچەكە، بەردەوامیش دەبین لێی. ئەگەر جیهان تەنها وەك گۆڕەپانی وڵاتە گەشەسەندووەكان ببینرێت هەڵەیەكی جدییە. وڵاتانی كەمدەرامەت و گەشەسەندوو پێویستە هاوبەشانە هەوڵبدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئێمە تەواوی ئەو بابەتانە لەژێرناوی "گرتنەخۆ" لەلوتكەی ئەنتاڵیا دێنینە بەرباس. یەكێك لەگرنگترین پێویستییەكانی جی ٢٠ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و بەدواداچوون و دابینكردنی بەڕێوەچوونیەتی. فارسەكان وتەیەكی جوانیان هەیە دەڵێن 'دانیشتن، قسەیان كرد و بڵاوەیان لێ كرد'. ئەگەر ئێمەش لێرە دانیشین، قسەبكەین و بڵاوەی لێبكەین هیچی لێ شین نابێت. گرنگە كە دانیشین قسە بكەین بەڵام بەو مەرجەی بگەینە ئەنجام، واتە بەبەدواداچوون و چاودێریكردن ئەنجامەكەی بێنینەدی. لەو باوەڕەدام ئەگەر لەكۆبوونەوەكانی نێودەوڵەتیدا ئەوەمان كرد و چاودێری و بەدواداچوونمان كرد ئەو كاتە جیهان هەموو پێكەوە لەگەڵمان دێتە سەر خەت".