Mazın Asad
02 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم گوتەیەکی لە کۆنفڕانسی "تورکیا دوا رۆژێکی باش" پێشکەش کرد و گوتی: "لەناوەوە و دەرەوەشدا لانەی شەڕ ھەن، لەرێگەی ھێزەوە خۆیان سەپاندووە، بەڵام گەلێکی وا ھەیە، ھەموویانی خوێندووەتەوە و دەیانناسێت. ١٥ی تەمووز، بە وشەی ئاڵتوونیی چووە مێژووی جیھانەوە. لە ھیچ وڵاتێکی جیھاندا گەلێکی دیکە نییە بە جەستە و سنگی بەرامبەر چەک، فرۆکە، تانک و تۆپ بوەستێتەوە و کودەتا تێکبشکێنێت، گەلێکی دیکە نییە کودەتا بەسەر کودەتاچییەکاندا بکات، ئەو گەلە ناوی گەلی تورکە و چەند ستایش بکرێت ھەر کەمە".
یڵدرم گوتیشی: "ھەرچەندە رووبەڕووی ھەوڵی کودەتا بووینەوە، جگە لە چەند بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەکی ئاسایی ھیچ گۆڕانکارییەک لە ئابوورییماندا رووینەداوە. لە برۆکسل تەقینەوە لە فڕۆکەخانەیەکدا ئەنجامدرا، بۆماوەی ١٠ رۆژ، نەیانتوانی فڕۆکەخانەکە بکەنەوە. ئێمە لە یەکەم دووشەمەدا بانکەکانمان کردەوە، ھەموو شتێک وەک خۆی بەڕێوەدەچوو. گەلەکەمان تەنھا بە رووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان نەمایەوە، بەڵکو دەستی خستە نێو ئابووریش کە ١١ ملیار دۆلارییان ئاڵوگۆڕ کرد و خستیانە نێو بانکەکانەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا گوتیشی: "سەرەڕای ھەموو ھەلومەرجەکانی رووبەڕووبوونەوەی بێ ئامانی تیرۆر، رووداوەکانی سووریا و ناسەقامگیریی ناوچەکە، تورکیا لە نێو سەقامگیریی و ئاسایشدا بەردەوام لە گەشەسەندندایە".
یڵدرم ھەروەھا گوتی: "پیاوانی کەرتی بانکی، ئێوە لە دواوەی بازارەکان دەمێننەوە. کەچی لە راستیدا پێویستە پێش بازارەکان بکەون. نابێت لە دواوە چاودێری بکەن و پێویستە بێنە نێو گۆڕەپانەکان. پێویستە سنگتان بەرامبەر بە ھەڕەشەکان بکەنەوە. لە لایەکی دیکەدا بێگومان گۆڕەپانەکان ئێمە دەیپارێزن و ھاووڵاتیان دەتانپارێزن و ھەمووتانیایان پاراستووە. ئەگەر ھاووڵاتیان ١٥ی تەمووزیان سەرکوت نەکردبایە، ئێوە چیتان دەکرد؟ پارە و کارەکانتان بێسوود دەبوو. بۆیە ھاووڵاتیان بە ھانای ئێوەوە ھاتن و ئێستاش پێویستە ئێوە کار بۆ ھاووڵاتیان بکەن. چۆن دەیکەن؟ وا بە تەسکردنەوەی پێدانی قەرز و بەرزکردنەوەی کەیفیل لە دوو بۆ پێنج نابێت. متمانە بکەن و متمانە بە ھاووڵاتیان و گەلەکەتان بکەن. قسە و کرداری ئەم گەلە وەک یەکە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەیشدا کە پرسیاری بەشێوەی "کاتێک من چەکی بانک دەدەم، ئەگەر ئەو کەسەی پێی دەدەم سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی بێت، ئەوکات باجەکەی دەدەمەوە؟" لێدەکەن و بەم پێیەش گوتی: "براکەم شتێکی لەو جۆرە دەبێت؟ بازرگانی و ئابووری بەپێی یاساکانی خۆی بەڕێوە دەچێت. کاری ئێمە لەوەدا ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین سزای دەزگا و کۆمپانیاکان بدەینەوە. لەبەر ئەوەی ئەوان ھەڵی کار دەڕەخسێنن و سوود بە ئابووری دەگەیەنن. ئێمەش ھەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ ئەوەی ھەڵی کار بڕەخسێنین. کاری ئێمە لەوەدا زۆر روونە کە ئەوەی ھەڵە بکات، ئەوە دەچینە نێو سیستمەکە و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین، بەڵام دەزگاکە درێژە بە کارەکان و وەبەرھێنانی دەدات".