Sangar Hamad Azeez
07 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2017
ئەو ئاستەی کە یانەی تۆپی پێی ئافرەتانی هەکاری پێشکەشی دەکەن لە خولی پلە دووی تورکیادا، بۆتە جێگای سەرنجی میدیاکان.
یانەی تۆپی پێی ئافرەتانی هەکاری (Hakkarigücü) کە هەشت ساڵ لەمەوبەر دامەزرێنرا، ٢٥ یاریزانی هەیە و لە خولی پلە دووی یانەکانی تورکیادا یاری دەکات.
ئەو یانەیە کە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەست هێنا، ئێستا یاری چوون و هاتن ئەنجام دەدات تاوەک خۆی بگەیەنێتە خولی پلە یەکی وڵاتەکە.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جەمیلە تەیمور راهێنەری یانەکە گوتی: " بەچەند کاتێکی سەختدا تێپەڕین لەگەڵ یانەکە سەرەتا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووینەوە، لەبەر ئەوەی بەلای هاووڵاتییانەوە ئاسایی نەبوو ئافرەت جلی تۆپی پێ لەبەر بکات".
ئەو راهێنەرە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێداگیری کچە وەرزشوانەکان توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و گوتی: "دوای ئەوەی توانیمان خۆمان بگەیەنینە خولی پلە دووی یانەکان، کارەکە لای هاووڵاتییان ئاسایی بوو ئێستا ئێمە هیچ کێشەکەیمان نییە. هاووڵاتییان بەپێچەوانەوە هاندەرمانن، خێزانی هاووڵاتییەکان دێن و سەیری یارییەکان دەکەن".