Esra Akgün
13 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2016
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند لەئەنجامی پێکدادانی چەکداریی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیادا، لە شارۆچکەی چوکورجا، شەش سەرباز شەهید بوون. هاوکات لەئەنجامی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکیش کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکان رەوانەی ناوچەکە کرابوو، دوو فڕۆکەوان شەهید بوون.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، لەئەنجامی پێکدادانی چەکداریی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیادا، لە ناوچەی بنکەی ئاسمانیی چغڵی لە شارۆچکەی چوکورجا لە دەوروبەری کاتژمێر ٠٤:٥٠دا، شەش سەرباز شەهید بوون و هەشتی دیکەیان برینداربوون.
هاوکات لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لەئەنجامی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە جۆری کۆبرا لە دەوروبەری کاتژمێر ٠٥:٥٠ خولەکدا کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکان رەوانەی ناوچەکە کرابوو، دوو فڕۆکەوان شەهید بوون. باس لەوەشکراوە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە لەئەنجامی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
- شەش چەکداری پەکەکە کوژران
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا راشیگەیاندووە فڕۆکەی ئێف ١٦، هێلیکۆپتەری شەڕکەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هاوکات هێزی پشتیوانیی ئاراستەی ناوچەکە کراون و تائێستاش شەش چەکداری پەکەکە کوژراون و ئۆپەراسیۆنەکانیش درێژەیان هەیە.