Sangar Hamad Azeez
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
بەمەبەستی گەیاندنی هاووڵاتییەکی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە لە گوندی ئاداکڵی کە ١٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی یوکسێکۆڤاوە دوور بوو،٣٠ هاووڵاتی بە ٩ ئۆتۆمبێل بەڕێکەوتن.
بەڵام بەهۆی بای بەهێز و بەفرەوە ئۆتۆمبێلەکان پەکیان کەوت و لە ناوەڕاستی رێگەدا گیریان خوارد، کە ئیتر ناچار بوون لایەنی پەیوەندیدار ئاگەدار بکەنەوە بۆ ئەوەی بەهانایانەوە بێن.
تیمەکانی راماڵینی بەفری سەر بە شارۆچکەکە دوای یەک ساعەت لە کارکردن دواجار توانیان بگەنە هاووڵاتییەکان و رزگاریان بکەن.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەڤلیا سۆیدان کە یەکێک بوو لەو کەسانەی لە رێگەکەدا گیری خواردبوو گوتی: "بەهۆی بای بەهێز و بەفرەوە نزیکەی ٤ سەعات لە رێگەدا ماینەوە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "ئەستووری بەفری کەڵەکەبوو گەیشتبووە یەک مەتر، بایەکی بەهێز دەهات، ئێمە ویستمان نەخۆشەکەمان بگەیەنینە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی بەفرەوە گیرمان خوارد. کاتێکی زۆر ناخۆشمان بەڕێکرد، دواتر بەپرسانی ناوچەکەمان ئاگەدار کردەوە کە خودایان لێ رازی بێت و بەهانامانەوە هاتن".
هاووڵاتیەکی دیکەش بەناوی عیسمەت شاهین کە بەهەمان شێوە لە نێو بەفر گیری خواردبوو گوتی: "لەماڵەوە هاتینەدەر، کەشوهەوا باش بوو بەڵام لە رێگە تووشی بای بەهێز بووین هەروەها بەفرێکی زۆر کەڵەکە ببوو، چوار سەعات گیرمان خوارد، سپاسی ئەو تیمە دەکەین کە رزگاریان کردین".