Abdullah Shukur
02 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2019
بورسا -AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتەکەی رۆڵێکی گرنگ لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق دەگێڕێت و گوتی: "رۆڵێکی گرنگ لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەگێڕین. قەبارەی بازرگانی ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ عێراق ١٠ ملیار دۆلارە. بەرزبوونەوە و دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی رێژەیی دەگۆڕێت. عێراق وڵاتێکە کە دەتوانرێت قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار".
چاوشئۆغڵو لە ھۆتێلێکی شاری ئینەگۆل لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و جیھانی کار کۆبووەوە و تیایدا وتارێکی پێشکەش کرد.
چاوشئۆغڵو ئاماژە بەوە دا لە دەروازەی سنووریی خاپوور لە ھەرێمی کوردستان باجێک و لە سنوورەکانی ئیدارەی ناوەندیش باجێکی دیکە وەردەگیرێت.
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە لەدوای چارەسەرکردنی کێشەی سووریا، بە تایبەتی لە بواری مۆبیلیات دەرفەتی گرنگ دروست دەبێت و گوتیشی: "گشت ھەوڵێکمان، پاککردنەوەی سووریایە لە تیرۆر. پێویستە وڵاتێکی ئارام بین، لە رووی بازرگانی، وەبەرھێنان و ژمارەی گەشتیار. بە پاراستنی یەکێتی سنووری سووریا بە چارەسەریی سیاسی، ھەوڵدەدەین ئاشتی و ئارامی لەو وڵاتە دەستەبەر بکەین. ئینشائەڵڵا وەک تورکیا رۆڵێکی گرنگ لە بنیاتنانەوەی سووریا دەگێرین".
چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە دەتوانن بڵێن عێراق لە تیرۆر پاککراوەتەوە و گوتیشی: "لە باکوور، پەکەکە لە چیاکان بوونی ھەیە. ئێمە ئەوان(پەکەکە) لەناو دەبەین، تا کۆتایش لەناویان دەبەین. لە عێراق حکوومەتی نوێ پێکھێنرا و ئێستاش دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق لە رۆژەڤ دایە. لە مووسڵ تا باشوور پێویستە عێراق گەشە بکات. ئێمە وەک تورکیا لە کۆنفرانسی کوێت بەڵێنی پێدانی پێنج ملیار دۆلارمان داوە. بەڵام ئەمە جۆرە پارەیەک نییە کە لە قاسەکانمانەوە بگوازرێتەوە بۆ عێراق، بەڵکو کاتێک کۆمپانیاکانمان پڕۆژەیەک لە عێراق دەگرنە دەست یان کۆمپانیاکانمان بازرگانی یان وەبەرھێنان لە عێراق دەکەن دەتوانن ئەو پارەیە بەکاربھێنن. ئەو کاتەش رۆڵێکی گرنگ لە بنیاتنانەوەی عێراق دەگێرین. قەبارەی بازرگانی ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ عێراق ١٠ ملیار دۆلارە. بەرزبوونەوە و دابەزینی بەخۆیەوە دیوە، نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی رێژەیی دەگۆڕێت. عێراق وڵاتێکە کە دەتوانرێت قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە تورکیا گشت ئەزموونی خۆی بگوازێتەوە بۆ عێراق و گوتیشی: "ئەگەر عێراق گەشە بکات ئەوا ئێمەش گەشە دەکەین. ئەمە بۆ لیبیاش بە ھەمان شێوەیە".