Azat Muhammet
24 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر- AA
فەرماندەى هێزەکانى زێڕەڤانى لە میحوەرى ناوەران، لیوا سالار تەیمور شێخکى بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ، ئەمرۆ هێزەکانى پێشمەرگە گوندێکى دیکەى بە ناوى چەمچى لە میحوەرى ناوەران کۆنترۆڵکردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش بەهیچ شێوەیەک تواناى بەرگریکردنى نەبوو، ژمارەیەکیان کوژران و ژمارەیەکى دیکەیش بەبێ بەرگریکردن لە ناوچەکە هەڵهاتن".
ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى زێرەڤانى لە میحوەرى ناوەران گوتىشی: "رزگار کردنى ئەم گوندە لە پلانى ئۆپەراسیۆنى ٢٠ى ئەم مانگەدا بوو، بەڵام لەبەر بوونى خەڵکى سیڤیل کۆنترۆڵکردنەوەى ئەم گوندەمان بۆ ئەمڕۆ دواخست، ئەمڕۆ لە کاتى کۆنترۆڵکردنەوەى گوندى چەمچى لە میحوەرى ناوەران هێزەکانى پێشمەرگە ١٢ خێزانی دانیشتووى گوندەکەیان رزگار کرد و بە رێزگرتن و پێشوازییەکى زۆرەوە رەوانەى ناوچەیەکى دوور لە شەڕ و رووبەڕوو بوونەوە کراون".
هەر لەبارەى ئەو ١٢ خێزانەوە ئەو فەرماندەیە گوتیشى: "ئەو ١٢ خێزانانە لە کاتى هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ ناوچەکە نەیانتوانیووە ناوچەکە جێبهێڵن و خۆیان لە دەست زوڵمى تیرۆرستانى داعش رزگار بکەن، ئەو ١٢ خێزانانە ژمارەیان ٥٠ کەس دەبێت و پیاو و ژن و منداڵ و کەسانى بەساڵاچووشیان لەگەڵدایە، رێگەشمان بەو ١٢ خێزانەدا کە مەڕ و سەروەت سامانى خۆیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن".
لیوا سالار باسى دەستکەوتەکانى هێزى پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "لە کاتى کۆنترۆڵکردنەوەى گوندى چەمچى لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە چەندین چەکى جۆرى تۆپ و بیکەیسى و نارنجۆکى دەستى تیرۆریستانى داعشمان دەستکەوت و بە گشتى ئەو چەکانەى دەستمان کەوت لە جۆرەکانى چەکى قورس و مامناوەند و چەکى سووک بوون".
شێخکى لەبارەى دانیشتووانى گوندى فازڵییەى نێوان میحوەرى ناوەران و باشیک دەڵێت: " گوندى فازڵییە لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە لە گشت لاوە گەمارۆ دراوە، هەرچەند زانیارییمان بەدەستەوەیە کە داعش لەو گوندەدا هەڵهاتوون، بەڵام ئێمە بۆ پاراستنى زیاترى هێزەکانمان ئامادەکاریمان کردووە نەوەک حاڵەتێکى نەخوازراو رووبدات، چونکە ناکرێت پێشبینى بکەین کە داعش لە گوندەکە نەماوە".
فەرماندەى ناوبراو لە درێژەى لێدوانەکانى دەشڵێت: "تەواوى دانیشتووانى گوندى فازڵییە ئاڵاى سپییان لەسەر بان و بەر دەرگاى خانووەکانیان هەڵکردووە، ئەمەیش وەک ئاماژەیە تاوەکو هێزەکانى پێشمەرگە جیایان بکەنەوە لە تیرۆرستانى داعش و نەکەونە بەر گولـلـەى هێزەکانى پێشمەرگە و بۆردوومانى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانێتى دژى داعش، هێزەکانى پێشمەرگەیش وەک رەوشتى هەمیشەیى بە ئەرکى خۆى دەزانێت لە کاتى شەڕ و پێکدادان گیانى هاووڵاتییانى سیڤیل بپارێزێت".
فەرماندەى هێزەکانى زێڕەڤانى لە میحوەرى ناوەران، لیوا سالار تەیمور شێخکى گوتیشی: "هێزەکانى پێشمەرگە لە هەوڵدان ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان پشکنین بۆ گوندەکە ئەنجام بدەن ئینجا بە جوانترین شێوە ئەو هاووڵاتییانەى دانیشتووى گوندى فازڵییە رزگار بکەن کە ماوەى زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر دەستی تیرۆریستانى داعشدا ژیان بەسەر دەبەن، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتى گیانى هێزەکانى پێشمەرگە و هاووڵاتییان لە بۆمبە چێندراوەکانى تیرۆریستانى داعش، بەڕیوەچوونى ئۆپەراسیۆنى رزگارکردنى گوندەکە بەسستی بەڕیوەدەچێت".