Cebrail Caymaz
14 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2023
غازی عەنتاب – AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی شارۆچکەی ئیسڵاحییە سەربە پارێزگای غازی عەنتاب لە باشووری خۆرههڵاتی توركیای کرد کە بوومەلەرزەکانی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش کە بە "کارەساتی سەدە" وەسفدەکرێت زیانی پێگەیاندووە.
نێچیرڤان بارزانی لە ئیسڵاحییە سەردانی ناوەندی هەماهەنگیی ئافاد و ئەو تیمی گەڕان و رزگارکردنەی کرد کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکە نێردراون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوای سەردانەکەی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ پێشکەش کردنی سەرەخۆشی بە گەل، دەوڵەت و حکوومەتی تورکیا سەردانەکەی ئەنجامداوە.
نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "ئەمڕۆ هاتین بۆ گەیاندنی پەیامی سەرەخۆشیمان بۆ گەل و حكوومەتی توركیا. ئازاری ئێوە ئازاری ئێمەیە، رۆژە سەختەکانی ئێوە رۆژە سەختەکانی ئێمەشە. ئەو رۆژانەی كە ئێمە پێویستیمان بە هاوكاری بوو، هەردەم حكوومەتی توركیا و گەلی توركیا دەرگایان بۆ ئێمە كراوە بووە، هەموو كات هاوكارییان كردووین. بۆ پیشاندانی وەفاداری و هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆمان ئەمڕۆ هاتووینەتە ئێرە. دڵنیاین كە توركیا ئەم كارەساتە گەورەیە تێدەپەڕێنێت، لەژێر سهركردايهتييهكى دانا و حكوومەتێكی بەهێز، پەنا بەخوا ئەم كارەساتەش تێدەپەڕێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆکەکەی کرد کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و سەرپەرشتی هاوکارییەکان دەکەن و گوتی: "ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیان کە ئەم کارەساتە بە سەریاندا هاتووە دەیکەین. خوای گەورە هاوکاری هەمووتان بێت. ئەوەی ئەنجامی دەدەین بە ئهركى خۆمانی دەزانین، ئێمە برای یەكترین، لە رۆژانی ناخۆشدا ئێوە هاوكاریی ئێمەتان كردووە و دەرگاكانی خۆتان بۆ ئێمە كردۆتەوە، ئەمڕۆش ئەوەی لە تواناماندا بێت پێویستە ئەنجامی بدەین. لە هەرێمی كوردستان بە گشتی، لە سلێمانی، دهۆك، هەولێر، هەڵەبجە و هەموو شوێنێكی هەرێمی كوردستان خەڵکی خەمبارە و دڵیان لەگەڵ توركیایە. دڵی گەلەكەمان لەگەڵ ئێوەیە و خوای گەورە دڵنهوايى و ئارامیتان پێ بدات. پەنا بەخوا ئەم كارەساتە تێدهپەڕێت".