Muhammet Tarhan,Sümeyye Dilara Dinçer
14 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوابەدوای بوومەلەرزەکانی بەرەبەیانی شەشی شوبات، ئیسرائیل یەکێک بووە لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی هاوکاری مرۆییان ناردووەتە تورکیا، سوپاسی حکوومەت و گەلی ئیسرائیلیشی کرد بۆ ئەو پشتیوانییانەی لەم کاتە سەختەدا پێشکەشی تورکیایان کردووە.
چاوشئۆغڵو و هاوتا ئیسرائیلییەکەی، ئێلی کۆهێن دوابەدوای کۆبوونەوەکەیان لە وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە دوابەدوای بوومەلەرزەکانی بەرەبەیانی شەشی شوبات، ئیسرائیل یەکێک بووە لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی هاوکاری مرۆیی، تیمی تەندروستی و فریاکەوتنیان ناردووەتە تورکیا.

مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە تیمی گەڕان و فریاکەوتنی ئیسرائیل، ١٩ کەسیان لە مەرگ رزگار کردووە و تیمە تەندروستییەکانی ئیسرائیل، نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکیشیان لە شاری قەهرەمانمەڕەش دروست کردووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا کە ئاژانسی هەماهەنگی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل (MASHAV) ٧٠ تۆن هاوکاری مرۆیی ناردوەتە تورکیا و دوێنێش تیمی زیاتری ئیسرائیلی گەیشتوونەتە شاری قەهرەمانمەڕەش.
چاوشئۆغڵو سوپاسی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "جارێکی دیکە سوپاسی حکوومەت و گەلی ئیسرائیل دەکەم کە لەم کاتە سەختەدا پشتیوانییان کردین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی دەربارەی بەردەوامی هاوکارییەکانی دوای بوومەلەرزەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەل ئەبیب، گفتوگۆیان کردووە و گوتیشی: "پەیوەندییەکانمان چوونە قۆناغێکی نوێوە. دووبارە باڵیۆزەکانمان دەستبەکاربوونەوە. هەوڵی چڕ دەدەین بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان. هەردوولاش ئیرادەی سیاسییان هەیە بۆ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی ئایندەمان بەباشترین شێوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو هیواشی خواست گرژییەکانی تایبەت بە پرسی فەڵەستین کۆتاییان پێ بێت و رایگەیاند: "پێویستە رێگری بکرێت لە فراوانکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە نایاساییەکان و هەر هەنگاوێک کە زیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بگەیەنێت".