Ramal Mahmood
11 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاماژە دان بەوەی هەرچەندە سیستەمی کارکردنی ئەمریکا و رووسیا جیاوازیش بێت پیادەکردنی دوو نموونەی سیستەمی سەرۆکایەتی گرنگن و رایگەیاند "با جیاوازی کارکردنی سیستەمەکانیان لە لایەک دابنێین. من دەڵێم با سیستەمێک دابڕێژین بەشێوەی تورکی کە لەگەڵ کولتور و نەریتی خۆمان بێتەوە. بەمجۆرە دەرفەتی زیاتر گەشەکردنی تورکیا دەڕەخسێت. لەپێناو ئەمەشە داکۆکی لەمە دەکەم".
ئەردۆغان لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانی ئەلجەزیرەی قەتەری لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا باسی لەبابەتەکانی حکوومەتی هاوپەیمانی لە تورکیا، سەردەمی حوکمڕانی ئاک پارتی، مشتومڕەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی و هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی کرد.
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی لایەنگرانی فەتۆ لە زۆر وڵاتی عەرەبی بەردەوامی بەبوونی خۆیان دەدەن، تەنانەت ژمارەیەک لەوانە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک بە چاوێکی دیکە سەری تورکیا بکەن.
لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی دەگوترێت کە دوای پشتگیریکردنی ئیخوان موسلمین لەلایەن تورکیاوە، لەبەرامبەر ئەمەدا میسر پشتگیری فەتۆ دەکات، ئەردۆغان گوتی: "ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە. ئێمە خەڵکی میسر و ئیدارەی میسر لێکجیا دەکەینەوە. خەڵکی میسرمان وەکو خەڵکی وڵاتی خۆمان خۆش دەوێت و پەیوەندییەکی قووڵ بەیەکمانەوە دەبەستێتەوە. بۆیە ئێمە هەموو کات هەموو جۆرە پشتگیرییەکی میسرییەکانمان کردووە. بنەمای سەرەکی ئێمە دیارە. ئێمە دژی کودەتاین بەسەر حکوومەت. سیسی وەزیرێک بوو لە کابینەکەی مورسی، من ئەو لەوێ دەناسم. بەڵام بیر لەوە بکەنەوە وەزیرێکی کابینەکەت بێت وەکو ئەوەی ئێرە دواتر بێت بەهێزی سەربازی و چەکەوە دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت و ناپاکی بەرامبەر سەرۆکی وڵات بکات. ئەوا ئەگەری قبووڵکردنی نییە. ئێمە بەهەموو جۆرێک لایەنگری ئازادییەکان و پاراستنی ئازادییەکانین و پارێزەری دیموکراسین. بۆیە هەموو کات پشتگیری لە خەڵکی میسر دەکەین لە داکۆکیکردن لە دیموکراسیدا".
سەرکۆمار ئەردۆغان بەبیری هێنایەوە کە ٨٥ کارتۆن دۆسیەیان ناردووە بۆ ئەمریکا لەبارەی پێویستی رادەستکردنەوەی سەردەستەی فەتۆ فەتحوڵڵا گولەن و لەمبارەیەوە وەزیری داد، بەکر بۆزداغ و شاندی یاوەری لە ئەمریکا لەگەڵ لایەنە پەیوەدندیدارەکان کۆبوونەتەوە.
ئەردۆغان بەپێویستی زانی سەردەستەی تیرۆریستان گولەن کە لە پێنسیلڤانیایە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە رادەستی تورکیا بکرێتەوە و گوتی: "کاتێک ئەمریکا داوای رادەستکردنی تیرۆریستیکمان لێ دەکات ئێمە بەدەستی خۆمان رادەستیان دەکەین. بەڵام بەداخەوە ئەوان ئەو تیرۆریستەمان رادەست ناکەنەوە. هێشتاش ئەو لەشوێنێک دەیپارێزن. دەڵێن بڕیاری دادگا، بۆ بن لادن بڕیاری دادگا هەبوو؟ بۆ بن لادن چوونە وڵاتانی دیکە و لەناویان برد؟ بۆچی؟ چونکە تیرۆریست بوو. داوای ١٠ تیرۆریستیان لە ئێمە کرد هەرچۆنێک بێت هەموویانمان رادەست کردن. بۆچی؟ چونکە ئەوان هاوبەشی ستراتیجیمانن. مادام هاوبەشی ستراتیجی تۆم کە داوای تیرۆریستی ئاوام لێ دەکەیت پێویستە بیدەمە دەستت. ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمان بووین. ئەو کەسانەی بەردەوام دێن و دەچن لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و ئەوانە رادەستی ئێمە ناکەنەوە. ئەو کارانە باش نین"