Sangar Hamad Azeez
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2016
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ ئاشکرای کرد کەوا سەرکردەی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچی فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئێستادا لە ئەمریکا ژیان بەسەر دەبات لە هەوڵدایە بۆئەوەی پەنا بۆ یەکێک لە وڵاتەکانی ئوستوراڵیا، مەکسیک، ئەفریقای باشوور، میسر یاخود بەرازیل ببات و لەوێ درێژە بە ژیان بدات.
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ گوتارێکی بۆ ئەو هاووڵاتیانە پێشکەشکرد کە لە دژی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا لە قۆنیا گردبوونەوەیان ئەنجام دابوو.
سەبارەت بە ناردنەوەی گولەن لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا و رادەست کردنی تەواوی دۆسییەکانی گولەن بە ئەمریکا، بۆزداغ گوتی: "بەوانمان گوت کەوا پێویستە ئەو زاتە رادەستی تورکیا بکەنەوە، لەبەر ئەوەی هۆکاری سەرەکی کودەتا سەربازییەکەی تورکیایە. ئایە ئەمریکاش ئەم راستییە دەزانێت ؟ بەڵی دەیزانێت. دەزانێت کەوا گولەن ئەو کودەتایەی ئەنجام داوە. دەزانن بۆ ؟ چونکە هەواڵگرییەکی بەهێزی هەیە و دەزانێت. ئەگەر ئەمریکا نەزانێت ئەوا ئەمریکا وڵاتێکی زلهێز و گەورە نییە".
وەزیری تورکیا تیشکی خستە ئەوەی کەوا زانیارییان پێ گەشتووە کەوا سەرکردەی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچییەکان، فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئێستادا لە ئەمریکا ژیان بەسەر دەبات لە هەوڵدایە بۆئەوەی پەنا بۆ یەکێک لە وڵاتەکانی ئوستوراڵیا، مەکسیک، ئەفریقای باشوور، میسر یاخود بەرازیل ببات و لەوێ درێژە بە ژیان بدات. بەڵام بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا ناتوانێت پنسیلڤانیا جێبهێڵێت. گەر گولەن لە ئەمریکا بڕاوت دیارە ئەوان مۆڵەتی داوە. ئەمەش زیان بە تورکیا دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی ئەو کارە بەواتای ئەوە دێت کە ئەمریکا سەرکردەی رێکخراوێکی تیرۆرستی دەپارێزێت کە زیانێکی زۆری بە تورکیا گەیاندووە ئەمەش زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی تورکیا - ئەمریکا دەگەیەنێت. ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئەمریکا ئەو زاتەمان رادەست بکاتەوە. لێرەوە جارێکی دیکە پەیامەکەم ئاراستەی ئەمریکا دەکەمەوە".