Burcu Çalık,Ahmet Sertan Usul
18 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی كاره‌كانی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام لە باکووری سووریا بە کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر تا دوو هه‌فته‌ی دیكه ئه‌مه ئه‌نجامێكی نه‌بێت، ئێمه پلانی ئۆپه‌راسیۆنی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له میانی به‌شداریكردنی له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندنی باڵا كه له ناوه‌ندی كولتووریی بێشهتهپه به‌ڕێوه‌چوو، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و چه‌ند پەیامێکی گرنگی دا.
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وه‌بیریهێنایه‌وه كه له‌گه‌ڵ لسهرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی پێنجه‌مین لووتكه‌ی سێقۆڵییان له‌سه‌ر پلاتفۆڕمی ئاستانا له ئه‌نقه‌ره ئه‌نجامداوه و گوتی: "له كۆبوونه‌وه دووقۆڵی و سێقۆڵییه‌كانی لووتكه‌ی ئه‌نقه‌ره‌دا، له‌باره‌ی چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌ی مرۆیی و سیاسیی سووریاوه بڕیاری گرنگمان دا. یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گرنگه‌كانی لووتكه‌كه په‌سه‌ندكردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ده‌ستووره كه قۆناغی سیاسی تاوده‌دات. ته‌واوی ناڕێكییه‌كانی پێكهێنانی ئه‌و كۆمیته‌یه چاره‌سه‌ركراوه. یه‌كێكی دیكه له ده‌ستكه‌وته‌كان، ئه‌وه‌بوو كه هاوڕابووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لانیكه‌م به‌شێك له دۆخی پڕ كێشه‌ی ئیدلب ئارام بكرێته‌وه".
- "به‌قسه نابێت، چاوه‌ڕوانی كردارین"
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگەیاند کە نیگه‌رانییه‌كانیان له‌باره‌ی ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌ی کە یەک لەسەر چواری خاكی سووریا و رۆژهه‌ڵاتی فوراتی داگیركردووه به‌پێی پێویست گه‌یاندووه به لایه‌نی به‌رامبه‌ر و گوتی:
"ئه‌م دۆخه به‌تایبه‌تی به‌ئەنجام گه‌یشتنی كاره‌كانمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه سه‌ختتر كرد. وه‌ك له‌كاتی لووتكه‌كه و دواتریش باسمكردووه، ئه‌گه‌ر تا دووهه‌فته‌ی دیكه ئه‌مه ئه‌نجامێكی نه‌بێت، ئێمه پلانی ئۆپه‌راسیۆنی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. چاوه‌ڕوانی پشتگیرییه‌كی زۆر به‌هێزتر له وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كه‌ین له‌باره‌ی ئیدلیب و له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات. ئیدی قسه ئێمه تێر ناكات. به‌قسه نابێت، چاوه‌ڕوانی كردارین".
- "ده‌توانین دوو بۆ سێ ملیۆن په‌نابه‌ر نیشته‌جێ بكه‌ین"
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند کە سێ ملیۆن و 600 هه‌زار په‌نابه‌ریان له توركیا له‌خۆگرتووه و گوتی:
"له جیهاندا ئه‌مه نموونه‌ی نییه. هه‌رچه‌نده پێویسته رۆژئاواش وه‌ك ئه‌مه بكات. ئه‌گه‌ر نه‌توانین له ئیدلب به‌خێرایی ئارامی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، به‌ڕوونی ده‌یڵێین كه ناتوانین بارگرارنیی چوار ملیۆن دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ڵبگرین. به پاككردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات و ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی تیایدا، ده‌توانین لێره‌دا دوو بۆ سێ ملیۆن په‌نابه‌ری سووری كه له وڵاته‌كه‌مان یان ئه‌ورووپا ده‌ژین نیشته‌جێ بكه‌ین".
سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه هه‌ردوو بابه‌ته‌كه هێنده‌ی توركیا له نزیكه‌وه په‌یوه‌ندیی به ئه‌ورووپاشه‌وه هه‌یه و گوتی:
"راستگۆیی ئه‌و پشتگیری و هاوكارییه‌ی له‌م هه‌وڵانه‌دا پێشكه‌ش بە توركیا ده‌كرێت، ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ر یان قووڵتربوونه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه. ئێمه هه‌رگیز له‌پاڵ هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی سنووره‌كانی خۆماندا، ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵی راستگۆیانه نه‌بووین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌كانی سووریا و یه‌كپارچه‌یی خاك و یه‌كێتیی سیاسیی ئه‌و وڵاته".
هاوكات سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی له خوێندكاران و مامۆستایان كرد و گوتی: "سوورین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆمان له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌مان و ئایندهی برا سوورییهكانمان. له‌م خه‌باته مێژووییه‌ی گرتوومانه‌ته‌به‌ر، وه‌ك هه‌موو چین و توێژه‌كانی دیكه، چاوه‌ڕوانی پشتگیریی چینی ئهكادیمیشین".