Emin İleri,Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2019
ئیستانبوڵ - AA
بڕیاردەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کوشتنی بێ دادگاییکردن و هەڕەمەکی، ئاگنس کاڵامارد کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی-دا لە تورکیایە، سەردانی کۆنسولخانەی سعوودیەی کرد و لێکۆڵینەوەی ئەنجامدا.
ئاگنس کاڵامارد و شاندی یاوەری لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەی پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوژرانی رۆژنامەوانی سعوودیی، جەمال خاشقجی کە رۆژی دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کۆنسولخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ کوژرا، گەیشتنە باڵەخانەی کۆنسولخانەکە لە ناوچەی لەڤەنتی ئیستانبوڵ.
کاڵامارد چواردەوری کۆنسولخانەکە گەڕا و زانیاریی وەرگرت، دواتر بە رۆژنامەوانانی راگەیاند درەنگ هەواڵیان داوەتە کاربەدەستانی کۆنسولخانەکە کە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەردانی باڵەخانەکە دەکەن و گوتی: "پێویستە کەمێک کاتیان بدەینێ بۆ ئەوەی داواکارییەکەمان هەڵبسەنگێنن. داوای مۆڵەت لە کاربەدەستان دەکەین بۆ ئەوەی بچینە ژوورەوە".
جەختی لەوەشکردەوە ئەو راپۆرتەی سەبارەت بە تاوانی کوژرانی خاشقجی ئامادەی دەکەن، لە دانیشتنی مانگی حوزەیرانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی دەکەن، بەڵام دەکرێت وادەی پێشکەشکردنی راپۆرتەکە کەمێک دوابکەوێت.
هەریەک لە پارێزەری بەریتانی، هێلێنا کێنەدی و سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای پزیشکی دادوەریی جیهانیی و راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کۆلۆمبیا، پرۆفیسۆر دکتۆر دوارتێ نونۆ ڤیێرا یاوەری کاڵاماردیان لە سەردانەکەیدا بۆ کۆنسولخانەکە دەکرد.