Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2016
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند دۆخی ''ناخهەژێن''ی زیاتر لە ٨٥ هەزار کەس کە لە شاری فەللوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار هەڵاتوون و ئەو هەلومەرجەی تێیدا ژیان دەگوزەرێنن، مایەی نیگەرانییەکی ئێجگار زۆرە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP)ەوە کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە ئەو هاوکارییە مرۆییانەی گەیەنراونەتە ئەو کەسانەی ناچاربوون لە فەللوجە ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و لە هەریەک لە کەمپەکانی حەبانییە و عەمارییات نیشتەجێن، تەنها بەشی سێ رۆژ دەکات و پێویستە هاوکاریی زۆرتر بکرێن.
لە روونکردنەوەکەدا باس لەوە کراوە ماوەی چەندین مانگە بەهۆی گەمارۆی سەربازیی سەر شارەکەوە نەتوانراوە هاوکاریی مرۆیی بگەیەنرێتە فەللوجە و پێویستە هەرچی زووە پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنرێن و رایگەیاند: ''دۆخی ناخهەژێنی زیاتر لە ٨٥ هەزار کەس کە لە شاری فەللوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار هەڵاتوون و ئەو هەلومەرجەی تێیدا ژیان دەگوزەرێنن، مایەی نیگەرانییەکی ئێجگار زۆرە''.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک ئاماژەی بەوەشكردووە لە نێو ئەو کەسانەدا کە لە فەللوجە هەڵاتوون، دایکی گەنج و مناڵی ساوا و کۆرپەی تێدایە و بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن پێویستییان بە ٣٥ ملیۆن دۆلار هەیە.