Sangar Hamad Azeez
01 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2015
ئاڵای فەڵەستین بۆ یەکەمجار لە مەراسیمێکدا لە نەتەوە یەگرتووەکان هەڵکرا.
دوای ئەوەی بڕیاردرا ئاڵای فەڵەستین بەفەرمی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبواسرێ دوێنێ لە مەراسێمێکداو بە بەشداری چەندین سەرکردەی وڵاتان ئاڵای ئەو وڵاتە هەڵکرا.
مەڕاسیمەکە کە بەهۆی رێوشوێنی ئەمنییەوە لە باخچەیەکی کەنارئاوەکانی ئیست ریڤەر ئەنجامدرا، تێیدا سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین مەحموود عەباس، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بان کی مون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لاورێنت فابیۆس، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێ لاڤرۆڤ و چەندین کەسایەتی سیاسی دیکە ئامادە بوون.
فەڵەستین لە ئێستادا کە تەنیا ئەندامی چاودێرە پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەنگی پێویست بەدەست بینێت تاوەک ببێت بە ئەندام.
سەرەڕای ئەوەی لە کۆی ١٩٣ وڵات ١٣٠وڵات پاڵپشتی خۆیان بۆ بوونە ئەندامی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل رازینین بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت.
هاوکات نەهاتنی هیچ نوێنەرێکی سیاسی ئەمریکی لە مەڕاسیمەکە بووە جێی سەرنج.
لە مەراسیمەکە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی شەرەفمەندە بۆ فەڵەستین، رۆژێکی پڕ لە هیوایە، هیوادارم فەڵەستین بەرەو ئامانجی باشتر هەنگاو بنێت، پێویستە وڵاتی فەڵەستین کاربکات بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی، بەتایبەتی دەبێت غەزە و کەرتی رۆژئاوای شەریعە تێکەڵبکرێنەوە".
شانبەشانی ئاڵای فەڵەستین ئاڵای ڤاتیکانیش لەسەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەکرێ، هەردوو ئاڵاکە کە وەک سیمبولێک لە میانەی مەراسیمەکەدا لە باخچەی ئیست ریڤەردا بەرکرانەوە دواتر لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەواسرێن.
سەرۆکی دەسەڵاتداری فەڵەستین مەحموود عەباس لە میانەی مەراسیمەکە گوتاریکی داو تێیدا رایگەیاند: "بەناوی گەلی فەڵەستینەوە ئاڵای وڵاتەکام لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز دەکەمەوە، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی فەڵەستین، بۆ ئەو گەلەی کە هەموو کات هەوڵی ئازادی و سەربەخۆیی داوە".