Sangar Hamad Azeez
21 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2015
قودس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون: "پێویستە ئیسرائیل و فەڵەستین دانوستانەکان بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنامەیەک دەست پێبکەن".
بەهۆی زیاد بوونی گرژییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بێنیامین ناتانیاهو کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
بان کی مون گوتی: "خەریکە نێوانی ئیسرائیل و فەڵەستین بەشێوەیەکی مەترسیدار تێکبچێت، پێویستە هەردوو لا کۆببنەوە و سازان لەسەر بابەتی گەمارۆدانەکە بکرێت و رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، نەهێشتنی ئەو گرژیانەی ئێستا کارێکی ئەستەم نییە".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر رێگری کردن لە دروست بوونی جەنگی ئاینی و گوتی: "بەکارهێنانی هێز بەشێوەیەکی هەڵە ئەگەری دروستبوونی پشێویەکی زۆری لێدەکەوێتەوە".
لە میانەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو ئەو هەواڵانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لە گۆڕینی مافی یاسایی مزگەوتی ئەقسا دەکەن.
بێنیامین ناتانیاهو گوتی: "شوێنە پیرۆزەکان دەپارێزرێن و بەهیچ جۆرێک دەستکاری مافی یاسایی شوێنە پیرۆزەکان ناکرێت، ئەوە فەڵەستینییەکانن لێناگەڕێن یەهوودییەکان سەردانی مزگەوتی ئەقسا بکەن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر ئەوەی کە فەڵەستینییەکان هێرش دەکەنە سەر یەهوودییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونەکانیان لێ تێکدەدەن و گوتی: "هێرشی سەربازانی ئیسرائیل هیچ بە ئارەزوو نییە و هەمووی بە ناچاریە بەهۆی دەستدرێژی فەڵەستینییەکانەوە".
لە سەردانەکەیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکۆماری ئیسرائیل ریوڤن ریڤلین کۆبووەوە و تێدا داوای لە ناوبراو کرد: "هەوڵەکانیان بخەنە گەر بۆ ئەوەی باردۆخەکە هێور بکرێتەوە".
لە روونکردنەوەیەکدا سەرکۆماری ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل جەنگی ئاین ناکات و بەهیچ جۆرێک مافی یاسایی مزگەوتی ئەقسامان نەگۆڕیوە، مزگەوتی ئەقسا شوێنی پەرستگای موسوڵمانانە و و ئێمە وەک ئیسرائیل ریزی لێدەگرین".
لە درێژەی سەردانەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون سەردانی کەناراوەکانی رۆژئاوای فەڵەستین دەکات و تێدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتداری فەڵەستین مەحموود عەباس کۆدەبێتەوە.
جێگای باسە ماوەیەکە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان فەڵەستینی و یەهوودییەکانی غەززە و قودس و کەناراوەکانی رۆژئاوای فەڵەستین دروست بووە و بەهۆیەوە سەبازانی ئیسرائیل چەند جارێک هەڵیان کوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا.
لە سەرەتای مانگەوە تاکو ئێستا لە ئاکامی پێکهەڵپڕژانی سەبازانی ئیسرائیلی و هاووڵاتیانی فەڵەستین، ٤٥ هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا ٨ ئیسرائیلی کوژراون.