هەولێر - AA هێمن حوسێن
لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ژمارەیەک رووداو لە هەرێمی کوردستان روویاندا کە هەندێکیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەندێکیشیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەری و کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە.
لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٢دا، شەپۆلێکی کۆچکردنی گەنجان بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا دەستی پێ کرد و بەشێکی زۆریان لە دارستانەکانی نێوان بیلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی ١٧ی کانوونی دووەم، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریێلیوس لاندسبێرگیس سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختیان لە گرنگیی رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردەوە.
رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای ھێزە چەکدارەکانی ئیمارات، محەمەد بن زاید کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، رۆژی دووی شوبات سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
رۆژی ١٥ی شوبات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەسەر بانگھێشتی فەرمی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی سەردانی دۆحەی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
رۆژی ١٨ی شوبات هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ-دا لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس کۆبوونەوە و ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە داعش ھێشتا مەترسییەکی جیددی و راستەقینەیە و لە عێراق و سووریادا ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی دەکات.
رۆژی ١٨ی شوبات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار کۆبوونەوە و بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیایان تاوتوێ کرد.
رۆژی ١٨ی شوبات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاووشئۆغلۆ قسەی کرد و ھیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواست کە بەھۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیتوانی بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بکات.
رۆژی ٢٤ی شوبات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی فەرمانی ھەرێمیی بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان واژوو کرد و بڕیاری دا لە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئادار، ھێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر ھەولێر و لەو ھێرشەدا، ماڵی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار، شێخ باز بەرزنجی کرایە ئامانج و دواتر سوپای پاسداران بەرپرسیارییەتی ھێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
رۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠٢٢ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە مەبەستی سەردانیکردنی شوێنی بۆردومانەکەی هەولێر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە و و دواتر سەردانی شوێنی بۆردومانەکەیان کرد.
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە لە رۆژانی ٢٧-٢٨ی ئادار لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەچوو، چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە تیایدا بەشداربوون و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی یەکێک بوو لە قسەکارە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.
رۆژی ١٥ی نیسانی ٢٠٢٢ بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
رۆژی یەکی ئایار هێرشێکی مووشەکیی بۆسەر پاڵاوگەی کەورگۆسک لە قەزای خەبات رۆژئاوای پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
رۆژی ٢١ ی ئایار سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت و لەوێ چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجام دا.
رۆژی ١١ی حوزەیران، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کرد و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی تایبەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان کرا.
رۆژی ٢٦ی حوزەیران ھێرشێک کرایە سەر ژێرخانی گشتیی و دامەزراوەکانی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان.
رۆژی ٣٠ حوزەیران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی فەرمانییدا بە داخستنی سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی چەک لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی ٢٨ی ئەیلوول ئێران لە رێگای مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردە سەر حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر، ناحیەی پردێی سەربە پارێزگای کەرکووک و گوندی زڕگوێز لە ناحیەی تانجەڕۆ سەربە پارێزگای سلێمانی کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی کەوتەوە و هەندێک لە شوێنەکانیش بەتەواوی خاپووربوون.
رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم ٢٠٢٢ لە گەڕەکی سەربەستی شاری ھەولێر لە رێگای بۆمبی لکێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، عەقید ھاوکار جاف کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی گیانی لەدەست دا و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تا کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، درێژکردەوە و ئەمەش کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە و لە درێژەی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکان لە ئەنجامدا ١٢ پەرلەمانتار بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانییان راگەیاند و ١٠ پەرلەمانتاریش دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.
رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم کابینەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێدرا.
رۆژی سێی تشرینی دووەم، کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد و لە یەکەم رۆژدا، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە و ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم ھەڵبژێردران.
رۆژی ١٤ی تشرینی دووەم بۆ جاری دووەم ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر.
ئێوارەی رۆژی ١٧ی تشرینی دووەم لە ئەنجامی تەقینی سیستەمی غازی شل (LPG) لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، ١٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٢ی دیکەش برینداربوون.
لە ٢١ی تشرینی دووەم بۆ جاری سێیەم و لە ٢٢ی تشرینی دووەم بۆ جاری چوارەم ئێران لە رێگای مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردە سەر حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر و بەمهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە دروست کرد و دانیشتوانی گوندی هەرمۆتە کە مەسیحین گوندەکەیان چۆڵ بکەن.
رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەم شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر بوودجە و شایستە داراییەکان سەردانی بەغدای کرد کە ئەمە یەکەم سەردان بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی.
رۆژی نۆی کانوونی یەکەم، سەرۆکی هەنگاریا، کاتالین نۆڤاک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەماوەی دوو رۆژی مانەوەی لە هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە و دواتریش سەردانی ھێزەکانی ھەنگاریای کرد کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر کراون.
رۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە گەیشتە ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان، سەردانی ھێزەکانی وڵاتەکەی کرد کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی دژبە داعش لە ھەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.
ئێوارەی ٢٦ی کانوونی یەکەم بەھۆی کەمی خستەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەھای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتە ئاستی ١٥٧ ھەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی و ئەمەش یەکەمجارە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو بەھای دۆلار بگاتە ئەو ئاستە.
news_share_descriptionsubscription_contact

