Davit Kachkachishvili
28 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بە بەردەوامی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دا و باسی لەوە کرد کە بەردەوامن لە ئامادەکردنی سوپای وڵاتەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کاتەکانی شەو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ئاراستەی گەلەکەی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو جەنگە کرد کە لە وڵاتەکەیدا دژبە رووسیا درێژەی هەیە.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەر یەک لە نوێنەری هێزەکانی بەرگریی و ئاسایشدا کۆبووەتەوە و دوایین رەوشی بەرەکانیان تاوتوێ کردووە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ئامادەکارییەکانی سوپا کردووە بۆ ساڵی داهاتوو و رایگەیاند: ''بەردەوامین لە ئامادەکردنی هێزەکانی بەرگریی و ئاسایش بۆ ساڵی داهاتوو. ئەمە دەبێت ساڵێکی یەکلاکەرەوە بێت''.
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە سوپای وڵاتەکەی بۆ هەموو وەرزێک ئامادەبێت و گوتی: ''دەزانین مەترسییەکانی زستان چین و لە بەهاردا پێویستە چی بکرێت. لەبەرئەوە دەزانین کە پێویستە هەموو کەرتەکانی بەرگریی و ئاسایش چ ئەنجامێک دەستبخەن''.
زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە ئامانجیان ئازادکردنی تەواوی خاکی ئۆکراینایە و بەو باوەڕەشەوە دەچنە ساڵی ٢٠٢٣ەوە.