Zana Natık Kerem
28 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید بەمەبەستی ئاگادرابوون لە رەوشی مووسڵ و دانیشتوانەکەی، گەیشتە شارەکە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولـلەتیف رەشید گەیشتووەتە مووسڵ، ئەوەیش بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی شارەکە و دانیشتوانییەکەی.
راشیگەیاندووە کە سەرکۆماری عێراق دوای گەشتنی بۆ شاری مووسڵ لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ پارێزگار، نەجم جبوری و ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی، ھەروەھا ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پشکی ئەو پارێزگایە کۆبووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە کە عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاندووە کە پارێزگای نەینەوا، بەھایەکی گرنگی هەیە بۆ ھەموو عێراقییەکان و خاوەن دەرامەتی سروشتی و کشتوکاڵییە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری روونکردنەوەی لەبارەی رەوشی پارێزگاکە و ئەو ئاستەنگانەی کە ھاتوونەتە بەردەم رەوشی خزمەتگوزاری، ئەمنی و ئابووریی پێشکەش بە عەبدولـلەتیف رەشید کردووە و لەوباریەوە سەرکۆمار داوای لەسەرجەم لایەنەکان کردووە کە ھەوڵی جیددی بدەن بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی، شارستانییەت و رۆشنبریی پارێزگاکە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە بەجیددی کار بکرێت بۆ جێبەجیکردنی داوا رەواکانی دانیشتوانی نەینەوا.
راشیگەیاندووە کە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاری لە مووسڵ، ئەوەیش لەڕێگای ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، ھەروەھا تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.
پێشتر سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە تویتێکدا رایگەیاندبوو "لە مووسڵ، لەناو کەسارەکانمان داین، بۆ ئەوەی گوێ لە کێشەکانیان بگرین و ئاگاداربین لە رەوشی شارەکە کە لە ئەنجامی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی زیانی زۆری بەرکەتووە، ھەروەھا رێکخراوەکە بێھودا ھەوڵیدا شوناسی نەتەوە و پێکەوەژیانی بە ئاشتییانە لە مووسڵ بسڕیتەوە".
سەرکۆماری عێراق ئەوەیشی نووسیبوو "لەگەڵ لایەنەکانی سەربە حکوومەت کار دەکەین بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ و تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئێستا لە شارەکە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان".
ھەریەک لە وەزیری رۆشنبیریی، ئەحمەد موبەرقع؛ وەزیری پەروەردە، ئیبراھیم نامس؛ وەزیری ژینگە، نزار محەمەد سەعید ئامێدی؛ وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق؛ وەزیری دەرامەتەکانی ئاو، عەون زیاب عەبدوڵڵا و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق، سەفوان بەشیر یونس سەیفەددین یاوەری عەبدولـلەتیف رەشید دەکەن لە سەردانەکەی بۆ مووسڵ.