Zana Natık Kerem
01 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەرپەرشتیی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، جەعفەر ئێمنکی سەردانی پەرستگەی لالشی کرد و لەلایەن میری ئێزدییان لە کوردستان و جیھان و جڤاتی رۆحانیی، میر حازم تەحسین بەگ-ەوە پێشوازی کرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە دیدارێکدا، بارودۆخی کوردانی ئێزدی و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە، بارودۆخی کەمپی ئاوارەکان، قۆناغ و ھەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی تاوانی جینۆساید، ھەروەھا شوێنبزرکردنی ئێزدییان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە شنگال و ناوچەکانی دیکە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە شاندەکە پاڵپشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی بۆ داخوازییەکانی خوشک و برایانی ئێزدی لە ھەموو روویەکەوە دووپات کردەوە.