Ramal Mahmood
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2016
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنست:
- "جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا جەخت لە سەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حوکمڕانی دیموکراسییانەی تورکیا دەکاتەوە".
-"ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بەڵگانەی گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆیانکردوونەتەوە، ئەم هەفتەیە سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری رادەستکردنەوە، سەرۆک نایدات".
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنست رایگەیاند کە جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا جەخت لە سەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حوکمڕانی دیموکراسییانەی تورکیا دەکاتەوە.
ئێرنست لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە سەبارەت بە سەردانەکەی ٢٤ی ئەم مانگەی جۆ بایدن بۆ تورکیا.
ئێرنست ئاماژەی بەوە دا، بایدن لەو سەردانەیدا بەر لە هەموو شتێک پشتیوانی و پشتگیری بەهێزی ئەمریکا بۆ تورکیای هاوپەیمانی ئەمریکا دەخاتەڕوو.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، هەروەها هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی هێنایە بەرباس و ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئەمریکا لەکاتی هەوڵی کودەتاکەدا بەتوندی ئیدانەی کرد و گوتی: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سەر پشتیوانیکردنی بەهێزی حوکمڕانی دیموکراسییانەی تورکیا. بایدنیش لەسەردانەکەی بۆ تورکیا ئەوە دووپات دەکاتەوە. هەروەها بایدن خۆشحاڵی خۆی بۆ تورکیا دەخاتەڕوو، کە شانبەشانی ئەمریکا رووبەڕووی داعش وەستاوەتەوە و هاریکاری کردووین".
جۆش ئێرنست، ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی وای نەداوە کە سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا (فەتۆ) فەتحوڵڵا گولەن رادەستی تورکیا بکاتەوە.
ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە بایدن لە سەردانەکەیدا لەبارەی رادەستکردنەوەی گولەن پەیامی پەیوەستبوونی رێککەوتننامەی دوولایەنی ئەمریکا و تورکیا دەگەیەنێت و گوتی: "ئێوە دەزانن لەم بارەیەوە پەیوەندییەکی چڕوپڕ لەنێوان وەزارەتی دادی ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیادا هەیە. ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بەڵگانەی گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆیانکردوونەتەوە، ئەم هەفتەیە سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری رادەستکردنەوە، سەرۆک نایدات".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مژاری کردنە ئامانجی پەیەدە و داعش لە باکووری سووریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا هاتە بەرباس. لەمبارەیەوە ئیرنست گوتی: "تیرۆریزم و پەڕگیری هەڕەشەیەکی رەگداکوتاوی راستەقینەیە کە رووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە. ئەمریکا لەو بارەیەوە بۆ پشتیوانیکردن لە تورکیا چەند هەنگاوێکی باشی ناوە لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی عەنتاب و هەموو جۆرە پشتیوانی و هاریکاریەکمان دەربڕیووە. ئەوەیش دەبێتە بەشێک لەو پەیامەی کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا دەیگەیەنێت".
ئێرنست تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە هەموو لایەک رووبەڕووی داعش ببنەوە.