ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "پابەندییە یاساییەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت جێبەجێ کردووە"
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق: "بە زووترین کات دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە کە زیانی دەیان ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە".

Arbil
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕادەگەیەنێت کە پابەندییەکانی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم جێبەجێ کردووە و داواش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتي سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی کۆبوونەوەکە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی کابینەی هەرێم، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بووە.
لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت کەمال محەمەد ساڵح، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی بۆ کابینە خستەڕوو.
کەمال محەمەد ڕوونی کردووەتەوە کە "وەزارەتەکەیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتي فیدڕاڵ".
ئاماژە بەوەش دراوە کە "هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەڵوێستیان بۆ پشتیواني دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و سامانە سروشتییەکانی هەرێم نەگۆڕە و ڕادەگەیەنێت، "ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە".