Heman Hussein Yaseen
27 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2025
هەولێر - AA
بە پێی گرێبەستێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریک و تۆڕەس ئینێرجیی ئەمریکایی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای هەرێمدا دەکەن.
لە ڕێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان – عێراق قوباد تاڵەبانی، گرێبەستی پەرەپێدانی وێستگەی کارەبای بازیان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی جەنەڕاڵ ئەلیکتریک و تۆڕەس ئینێرجیی ئەمریکایی ڕاگەیاندرا.
ڕێوڕەسمەکە لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو کە هەریەک لە وەزیری کارەبای هەرێم، کەمال محەمەد و وەزیری پلاندانان، دارا ڕەشید ئامادەیبوون، جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە دەرگایان بە ڕووی سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکان کراوەتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن و دووپاتیشی کردەوە کە دڵخۆشن بە هاتنی کۆمپانیاکانی بواری وزە بۆ هەرێم.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ڕاشیگەیاند کە لە ڕێی ئەم گرێبەستەوە لەداھاتوودا دەتوانرێت کارەبای ١\٣ی هەرێمی کوردستان بەرھەم بھێنرێت و نزیک دەبنەوە لە پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی لەسەرانسەری هەرێم.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا ئەندازیار و کادرە خۆماڵییەکان دەچنە چەندین پڕۆگرامی ڕاھێنان و تواناسازیی لەسەر سیستەمە نوێیە جیھانییەکان".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم جەختی لەوەشکردەوە کە وەبەرھێنەران دەیانەوێت ئابوورییەکی پتەو بۆ ھەرێم بە گشتی و بەتایبەت لەکەرتی کارەبا بەرھەم بھێنن، ئەوانیش وەک حکومەت ھەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکان دەکەن، بەڵام بە پشتبەستن بە وزەی پاک و بێ زیان بۆ ناوخۆی ھەرێم.