"ئیتر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێم وەک مەیدانی سەرەکی شەڕ بەکاردەھێنرێن"
شڕۆڤەکاری سیاسی، ڕابەر تەڵعەت پێی وایە کە بەردەوامی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم، بەتەنھا ھەڕەشەی ئەمنی نین، بەڵکو بەشێکن لە "ستراتیژی ئابووری-جیۆپۆلەتیکی" نوێ و ئامانجیان نابووتکردنی ستراتیژی یەکجارەکییە".

Arbil
ھەولێر ــ AA
شڕۆڤەکاری سیاسی، ڕابەر تەڵعەت لەبارەی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە بەردەوامی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەتەنھا ھەڕەشەی ئەمنی نین، بەڵکو بەشێکن لە "ستراتیژی ئابووری-جیۆپۆلەتیکی" نوێ و ئامانجیان نابووتکردنی ستراتیژی یەکجارەکییە و ھاوکات بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، عادل باخەوان پێیوایە کە ئیرادەیەکی سیاسیی لە ئارادایە بۆ ئەوەی لە ڕێگای پەلاماردانی ئابووری و ئاسایشی هەرێم، کۆمەڵیک مەرج و داواکاری بەسەر ھەرێمدا بسەپێندرێت.
لە ١٥ی حوزەیرانەوە تا ئێستا، ٣٧ دڕۆن ئاراستەی ناوچە جیاوازەکان لە ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆک و سلێمانی کراون، بەجۆرێک ٢٠ دڕۆن ئاراستەی ھەولێر، ١٠ دڕۆن ئاراستەی دھۆک و ٧ دڕۆنیش ئاراستەی سلێمانی کراون و بەشێکی زۆریان کێڵگە نەوتییەکانییان بە ئامانج گرتووە و بەھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەک ڕاگیراون.
ئەو ھێرشانە کاردانەوەی توندی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بەدوادا ھات.
حکوومەتی ھەرێمیش ڕایگەیاندووە کە ئەو ھێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەو ھێرشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاراستەکردنی دڕۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان، ئەو کۆمپانیا نێودەڵەتییانە کراونەتە ئامانج کە لە داھاتووی عێراقدا وەبەرھێنان دەکەن.
پێشتریش ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەبارەی ئەو ھێرشانەی کە بەم دواییانە لە ڕێگای ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ھاوکات دوو شڕۆکاری سیاسی ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم، ھێرشی ئابووری و ئەمنیین.
"ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم ئامانجیان نابووتکردنی ستراتیژی یەکجارەکییە"
لەوبارەیەوە شڕۆڤەکاری سیاسی، ڕابەر تەڵعەت پێی وایە کە بەردەوامی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتەنھا ھەڕەشەی ئەمنی نین، بەڵکو بەشێکن لە "ستراتیژی ئابووری-جیۆپۆلەتیکی" نوێ و ئامانجیان نابووتکردنی ستراتیژی یەکجارەکییە.
ڕابەر تەڵعەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ھێرشانە، پەیامێکن بۆ ئەمریکا، دەیەوێت بڵێ ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئەمن و پارێزراو نییە بۆ وەبەرھێنانی درێژخایەن، ئامانج وەستاندن و دوورخستنەوەی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپییەکانە لە پڕۆژە نەوت و غازییەکانی ھەرێم".
ئاماژەی بەوەشدا لە ڕێگای ئەنجامدانی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم، ھەوڵدەدرێت فشار بخرێتە سەر ھەرێم بۆ وازھێنان لە "دۆسیەی نەوت " و گەڕانەوە و پشتبەستنی ڕەھا بە بەغدا و گوتیشی: "بەھۆی ئەوەی ھێرشەکان لەگەڵ دانوستانەکانی نەوت و مووچە ھاوکاتن، بۆیە لەسەر یەک ڕێڕەو دەجووڵێنەوە".
باسی لەوەشکرد کە ئەم ھێرشانە نیشاندانی توانایی و باڵادەستی ئەو ھێزانەیە کە لە پشت ھێرشەکانەوەن، لەڕووی کۆنتڕۆڵکردن و دەوردانی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەروەھا پەیامێکە بۆ ھەموو ئاکتۆرەکانی ناوچەکە بەوەی ھیچ پڕۆژەیەک لە دەرەوەی "ئەجێندای ناوەندیی - بەغدا" ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.
گوتیشی: "ئەنجامدانی ھێرشەکان، تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ھەرێم و ئەمریکایە، چونکە ھێرشەکان بەڵگەی ئەوەن کەوا سیستەمی بەرگریی دژبە دڕۆن ھێشتا لاوازە".
ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ھێرشانە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتین لە ستراتیژی ناوچەیی و عێراقیدا و گوتی: "لەپاڵ ھەموو فشارە سیاسی، ئابووری و یاساییەکاندا، شەڕی لەناوبردنی ژێرخانی نەوتی ھەرێم ، پەرەسەندێکی دیکەی ڕووداوەکان نیشان دەدات، لەوەی ئیتر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێم وەک مەیدانی سەرەکی شەڕ بەکاردەھێنرێن".
" ھەرێم لەبەردەم دوو ھێرشدایە، ھێرشی ئابووری و ھێرشی ئەمنیی"
بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، عادل باخەوان لەبارەی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ڕایگەیاند: "ئەو ھێرشانە پەلاماری دوو شت دەدەن، ھەرێم لەبەردەم دوو ھێرشدایە، ھێرشی ئابووری و ھێرشی ئەمنیی، زیاتر لە چەند مانگێکە ھەرێم ھێرش دەکرێتە سەر ھەموو ژێرخانە ئابوورییەکەی بۆ ئەوەی لاواز بکرێت لەناو ھاوکێشەکانی ھێز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەویش لە ڕێگای ئەوەی کە پێی دەگوترێت بە برسییکردنی کۆمەڵگای کوردستانی عێراق".
عادل باخەوان زیاتر لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "برسییکردنی ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی وەکو تاوانی جەنگ یان وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمە گرفتێکی گەورەیە و ھێشتا ھێرشە دڕۆنییەکانیشی ھاتووەتەسەر، ھێرشەکان چی دەپێکن، بۆ نموونە بازاڕ و خەڵکی ئاسایی ناپێکن بەڵکو پەلاماری ئەو شوێنانە دەدەن کە دەکرێت ھەرێم لە داھاتووی نزیکدا ئەو زیانە ئابوورییانەی پێ پڕ بکاتەوە کە بەغدا بۆی دروستکردووە، کە بریتییە لە کێڵگە نەوت و غازەکان، ھەموو ئەوانە ئەو مانایە دەگەیەنن کە ئیرادەیەکی سیاسیی لە ئارادایە بۆ ئەوەی لە ڕێگای پەلاماردانی ئابووریی و ئاسایشی هەرێم، کۆمەڵیک مەرج و داواکاری بەسەر ھەرێمدا بسەپێندرێت لەوەی کە ئیستا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن".
بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق سەبارەت بە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەو ھێرشانە بۆ سەر کەرتی وزە لە عێراق و ھەرێم، ئەوا گوتی: "کاریگەرییەکانی لە ڕووی دەروونییەوە زۆرە، ئەوە دەگەیەنێت کە ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام نییە بۆ ئەوەی کە وەبەرھێنانی تێدا بکرێت، ئەمە بۆخۆی بریندارییەک لە سەمبۆلیزم و ئەو وێنەیە دروست دەکات کە ھەرێم دەیەوێت لەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دروست بێت، بەوەی کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یان ئەورووپی پرسیار لەخۆی دەکات لە ڕووی بەرھەمھێنانەوە، ئەو کێڵگانەی کە پەلامار دراون زیانەکانی ئەوەندە زۆرن کە کێڵگەکان پەکیان کەوتووە و ڕاگیراون، ئەمەش گورزێکی کاریگەرە لە ھەرێم دەدرێت، ھەورەھا گەشەپێدانی ئەم کێڵگانە وەک پڕۆژە پەکیان خراوە و ئەمە گرفتێکی گەورە بۆ ھەرێم و کۆمپانیاکان دروست دەکات بۆیەش ئەمریکا دەڵێت پێویستە بە زووترین کات مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە بکەن کە پەلامار و ھێرشەکان ئەنجام دەدەن".
ھەروەھا عادل باخەوان لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆچی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک پێویست لە ڕێگای سیستەمی بەرگرییەوە، ناتوانن پێش بە ھێرشەکان بگرن، ئەوا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق ھیچ سیستەمێکی بەرگریی نیە، چەند وڵاتێک پێشنیازیان کردووە کە سیستەمی بەرگریی بە تایبەت ڕادار بفرۆشن بەعێراق، بەڵام عێراق نایکڕێت چونکە دەزانێت لە ھەلومەرجێکی وا نیە کە ئەم ڕادارانە بەکاربھێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانەکەی چونکە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی دەکەوێتەسەر، بەشێکی زۆری ئەو فڕۆکانەی ھێرشیان کردە سەر ئێران لە ئاسمانیی عێڕاقەوە ڕۆیشتن، ئەگەر عێراق ڕاداری ھەبووایە یان دەبوو فڕۆکەکانی بخستایە خوارەوە یان دەبوو ئێرانی ئاگادار بکردایەوە، لەم حاڵەتەش ئەمریکا و ئیسڕائیلی لێ دەڕەنجا، عێراق نەبوونی ئەم سیستەمە وەک بەرژەوەندی خۆی دەبینێت.
گوتیشی: "ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ھەیە، بەڵام تا ئێستا بڕیارینەداوە کە ئاسمانیی عێراق بپارێزێت، ئەوەی ھەیە تەنھا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر تا ھۆتێل ڕۆتانا، تەنیا ئەو ناوچەیە دەپارێزێت".
بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا وەک پێویست لەسەر ھێرشە دڕۆنییەکانی بۆ سەر ھەرێم نەھاتووەتە دەنگ، ئەوا گوتی: "لە ساڵانی ڕابردوو، کاتێک مووشەکی بالیستی ئاراستەی ھەولێر کرا، ئەمریکاییەکان گوتیان ئێمە وەڵامنادەینەوە چونکە ھێرش نەکراوەتە سەر کۆنسوڵخانەکەی ئێمە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ڕاستە ھەرێم ھاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام ئەوە ڕاستە کە ئەمریکا تا ئێستا ئیلتیزامێکی وای نییە بەرامبەر بە ھەرێم کە ئاسمانەکەی بپارێزێت".
لەماوەی ڕابردوودا، حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاندبوو، عێراق ئەنجامی ئەو لیژنانەی ئاشکرا نەکردووە کە لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ھێڕشە دڕۆنییەکانی سەر ھەرێم پێکھێنرابوو، دواتر حکوومەتی عێراق بە ڕاگەیاندراوێک بابەتەکەی ڕەتکردەوە.
لەوبارەیەوە عادل باخەوان گوتى: "لە عێراق، ھەواڵگریی، ئاسایش، دژە تیرۆر، ھەموو ئەوانە بە ئاسانی دەتوانن بزانن لە کوێیەوە و چۆن ھێرشکراوەتە سەر ھەرێم، بەڵام ئایا حکوومەتی عێراق لە ھەلومەرجی بابەتی ئەوەدایە کە ڕووبەڕووی ئەو میلیشایانە ببێتەوە کە پەلاماری ھەرێم دەدەن؟ بێگومان نەخێر. بە پێچەوانەوە حکوومەتی شیعە ھەموو میکانیزمێکیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ھەرێم لاواز بکەن".
بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی حکوومەتی عێراق لێپرسینەو لە گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی ناکات کە بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکرێن، ئەوا گوتی: "لە عێراقدا دەوڵەت ھەیە و حکوومەت ھەیە، دەوڵەت زۆر بەھێزترە لە حکوومەت، حکوومەت ھی محەمەد شیاع سوودانییە، بەڵام دەوڵەت ھی حەشدی شەعبییە، حکوومەت بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام ئەوەی کە لە دوای ٢٠٠٣یەوە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، دەوڵەتە کە میلیشیا بەڕێوەی دەبات.
عادل باخەوان سەبارەت بەوەی کە ئایا لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا، دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی ھێرشە دڕۆنییەکانی سەر ھەرێم، ئەوا گوتی: "ئەوەی کە واژوو کراوە ستراتیژیی نیە و کاتییە، پەیوەندی نێوان شیعە و کورد بە شێوەیەک تێکچووە یان ئەوەیە کە کۆی پەیوەندییەکانییان سەر لەنوێ دروست بکەنەوە بەپێی گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی، یان ئەوەتا ھەمووی ئەوەی دەکرێت ھەمووی کاتییە و دەکرێت لە دوای دوو مانگی دیکە گرفتەکان دەست پێبکەنەوە، بۆیە ئیحتیمالی ئەوەی کە حەشدی شەعبی واز لە کوردبھێنن لەبەر ئەوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کراوە، گریمانەیەکی لاوازە".