سياسەت

محەمەد حەلبوسی: "پێویستە نێردە دیپلۆماتییەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن"

- سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی: "نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکیان ئەوەیە، نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان بکەن".

Zana Natık Kerem   | 28.02.2021
محەمەد حەلبوسی: "پێویستە نێردە دیپلۆماتییەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند کە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکیان ئەوەیە، نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان بکەن و جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن.

محەمەد حەلبوسی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق ئەرکیان ئەوەیە، نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان بکەن و ھەوڵیش بدەن ھاوکارییەکانی نێوان وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق پتەوتر بکەن، بۆیە پێویستە ژمارەیەک لە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان، باش لە ئەرکەکەیان تێبگەن و دەستوەردان لەو پرسانە نەکەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی راشیگەیاندووە "پێویستە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان، رێز لە سەروەریی عێراق بگرن، بۆ ئەوەی بەھەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجدی لە ھەڤپەیڤینێکدا رایگەیاندبوو "دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە عێراق رەتدەکەینەوە، پێویستە ھێزەکانی تورکیا نەبن بە ھەڕەشە یان پێشێلکردنی خاکی عێراق".

ئیرەج مەسجدی ئەوەشی گوتبوو "تورکیا چ پەیوەندییەکی بە شنگالەوە ھەیە"، وەک ئاماژەیەک بۆ جەختکردنەوەی تورکیا لە دەرکردنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ناوچەکەدا.

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا راشیگەیاندبوو "ئەمە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و عێراقییەکان خۆیان دەبێت ئەمە چارەسەر بکەن، تورکیا ھیچ پەیوەندییەکی نییە کە ھەڕەشە بکات یان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەربکات".

لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز رایگەیاندبوو کە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجدی دوایین کەسە لە بابەتی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق، وانە بە تورکیا بدات.

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژوو کرد.

بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان لە شارەکە بچنە دەرەوە و ئیدارەیەکی نوێ بۆ شارەکە پێکبھێنرێت.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın